ئێران خەریكی درووستكردنی بەنداوێكە لەسەر سنووری عێراق، كە 70% ئاوی باران و لافاو گلدەداتەوە.
ئەكرەم خەزاعی قایمقامی پێشووی مەندەلی ڕای گەیاندووە، ئێران دەستی كردووە بە درووستكردنی گەورەترین بەنداو لە نزیك سنوورەكانی لەگەڵ عێراق، كە كاریگەری گەورە بۆسەر ئاستی ئاو لەو وڵاتە دروست دەكات.
خەزاعی گوتیشی: "ناوی بەنداوەكە شەریف شایە و دەكەوێتە سەر لێژاییەكانی دۆڵی حەران، كە ساڵانە ڕێژەیەكی زۆری ئاوی باران و لافاوی تێدا كۆدەبێتەوە و پاشان دەڕژێنە نێو خاكی عێراقەوە."
قایمقامی پێشووی مەندەلی ڕوونیشی كردەوە، درووستكردنی بەنداوەكە كەوتووەتە بواری جێبەجێكردنەوە، 70% ئاوی لافاو و باران گلدەداتەوە و 30 كیلۆمەتر لە سنووری عێراقەوە دوورە.
ئەو بەرپرسەی پێشووی عێراق باسی لەوەش كردووە، لە داهاتوودا ئەو بەنداوە كاریگەری گەورە بۆسەر ئاستی ئاو لە عێراق دەبێت.