سەعات 2:42ی ئەمڕۆ هەینی، بوومەلەرزەیەك شاری سلێمانی هەژاند، بەڵام بەو شێوەیە نەبوو كە زیانی هەبێت.
بوومەلەرزەكەی ئەمڕۆ هەینی، 10ی كانوونی دووەمی سلێمانی، لەلایەن هاووڵاتییانەوە هەستی پێ كراوە، بەڵام بەپێی زانیارییە سەرەتاییەكانی دەست "وشە" كەوتوون، هیچ زیانێكی ئەوتۆی لێ نەكەوتووەتەوە، چونكە تەنیا 3.4 پلەی ڕێختەر بووە. بەگشتی لە پاش چوار پلەی ڕێكختەر، بوومەلەرزە زیانی دەبێت.
شاری سلێمانی كەوتووەتە سەر یەكێک لەو هێڵانەی بەردەوام بوومەلەرزە لێی ڕوو دەدات و سەرچاوەكەشی بۆ ڕۆژهەڵاتی كوردستان و بە دیاریكراوی شاری سنە دەگەڕێتەوە، چونكە هەمان هێڵە.
شارەزایان پێیان وایە، هەڵدڕینی شاخەكانی دەوری سلێمانی بۆ پرۆژەی نیشتەجێبوون و پرۆژەی تری وەبەرهێنان كە ماوەی چەند ساڵێكە سەرانی یەكێتی دەستیان داوەتێ، دەبێتە هۆی ڕەشەی دروستبوونی بوومەلەرزەی زیاتر و گوڕی بوومەلەرزەكانیش بەرزتر دەكات.