تیكتۆكەرێک بە خواردن دەیان كەس دەكاتە قوربانی

:: PM:05:49:10/01/2025 ‌

بەهۆی پاڵەپۆستۆوە بۆ گەیشتن بە خواردن لە مزگەوتی ئەمەوی، مزگەوتی گەورەی شاری دیمەشقی پایتەختی سووریا، چەند كەسێك گیانیان لەدەست داوە و ژمارەیەكیش بریندار بوون.

ئەگەرچی تا ئێستە ژمارەكان بە تەواوی یەكلا نەبووەتەوە لە نێوان سێ بۆ شەش كەس كە گیانیان لەدەست داوە لەگەڵ 10 بۆ 20 كەسیش كە بریندار بوون، بەڵام ماهیر مەروان، پارێزگاری دیمەشق گوتی: ڕووداوەكەی ئەمڕۆ هەینی بە ئاسانی تێ ناپەڕێت و ئەوانەی كەمتەرخەم بوون لە پاراستنی سەلامەتیی هاووڵاتییان، سزا دەدرێن.

ئاژانسی هەواڵیی سووریا (سانا) بڵاوی كردەوە كە بەهۆی ڕووداوەكەوە سێ ژن گیانیان لەدەست داوە و پێنج منداڵیش لە چەند شوێنێكەوە بریندار بوون و ئێسكیان شكاوە.

هۆكاری ڕووداوەكە بریتی بووە لە داوەتێكی گشتیی تیكتۆكەرێكی بەناوبانگی سووری لەناو حەوشەی مزگەوتی ئەمەوی، ئەمەش وای كردووە بە سەتان كەس بچن بەشداری بكەن لەو خوانەدا كە زۆربەیان ژن و منداڵ بوون.


وشە - عەبدوڵا عومەر