هۆشدارییەك لە وەزارەتی تەندروستی لەبارەی بەكارهێنانی دەرمانێكی مەترسیدارەوە

:: PM:11:25:10/01/2025 ‌

وەزارەتی تەندروستیی حکوومەتی هەرێمی کوردستان، لەبارەی بەکارهێنانی هۆڕمۆنێكی خەو ڕای دەگەیەنێت،  منداڵی تەمەن خوار 18 ساڵ نابێت ئەم دەرمانە بەبێ ڕاوێژی پزیشک بەکار بهێنێت، هەروەها منداڵی خوار تەمەن دوو ساڵی نابێت بە هیچ شێوەیەک بەکاری بهێنێت.

ئەمڕۆ هەینی، 10ی کانوونی دووەم، وەزارەتی تەندروستیی حکوومەتی هەرێمی کوردستان، بە نووسراوێکی تایبەت، ڕێنمایی بەکارهێنانی دەرمانی میلاتۆنین (Melatnin Gummies)، ئاراستەی بەڕێوەبەرایەتییە گشتییەکانی پارێزگا و ئیدارە سەربەخۆکانی هەرێمی کوردستان کردووە.

لە ڕێنماییەکەدا هاتووە، دوورکەوتنەوە لە بەکارهێنانی دەرمانی میلاتۆنین لەگەڵ هەر دەرمانێک کە ماددەی (Passiflora) تێدا بێت بۆ منداڵانی خوار تەمەنی 12 ساڵی. هەروەها منداڵی تەمەنی خوار 18 ساڵی نابێت ئەم دەرمانە بەکار بهێنت بەبێ ڕاوێژی پزیشکی پسپۆر و، بۆ منداڵی خوار تەمەن 2 ساڵی نابێت به هیچ شێوەیەک ئەم دەرمانە بەکار بێت.

لە خاڵێکی دیکەی ڕێنماییەکەی وەزارەتی تەەندروستیدا ئەوە خراوەتە ڕوو كە دابینکردن و کڕینی ئەم دەرمانە دەبێت تەنیا له دەرمانخانەکان بێت و مەرجە ستیکەری وەزارەت و بەڕێوەبەرایەتی کۆنترۆڵی جۆری دەرمانی لەسەر بێت.

وەزارەتی تەندروستی ئاماژە بەوە دەکات، پابەندبوون بە بەکارهێنانی دروست بۆ هەر دەرمانێک کە ماددەی میلاتۆنینی تێدا بێت بە کەمترین جورعە و 20 تاوەکو 60 خولەک پێش کاتی نووستن بەکار بهێنرێت و وا باشترە دوو کاتژمێر یان زیاتر دوای دوا ژەمی خواردن بێت.

وەزارەتەکە هاووڵاتییان هۆشیار دەکاتەوە و دەڵێت: پێویستە ئاگادار بن لە کاتی بەکارهێنانی ئەم دەرمانە لەگەڵ ئەو دەرمانانەی کە کاریگەرییان لەسەر سیستەمی (CNS) لە لەشی مرۆڤ هەیە و، بۆ ئەم مەبەستە پێویستی بە ڕاوێژی پزیشکی پسپۆر هەیە.



وشە - عەبدوڵا عومەر