لە سەیدسادق چەمی چەقان بووەتە مۆڵگەی زبڵ و خاشاك و دیمەنی شارەكەی ناشیرین كردووە، سەرۆكی شارەوانیش دەڵێت: بەردەوام خاوێن دەكرێتەوە، بەڵام خەڵك هەر زبڵی تێدەكەن.
لە شارۆچكەی سەیدسادق چەمێك بەناو بازاڕەكەیدا دەڕوات كە ساڵانی پێشتر بەهۆی بوونی بارانەوە، تا مانگی شەش و حەوت ئاوی تێدابوو، ئەمەش دیمەنێكی جوانی بە شارۆچكەكە دابوو.
چەمی چەقان لە سەیدسادق ئێستە لە بری خزمەت و سیما جوانەكەی، بووەتە شوێنی كۆكەرەوەی خۆڵ و خاشاك و زبڵ، بۆنێكی پیسی لێ بڵاو دەبێتەوە، هاووڵاتییانیش دەڵێن، زبڵ و خاشاكەكە سەرچاوەی چەندان نەخۆشیی ڤایرۆسییە.
هاوكار كەریم كە دانیشتوویەكی سەیدسادقە لەمبارەیەوە دەڵێت، هاووڵاتییان بەناهۆشیارییەوە زبڵی تێدەكەن و ئەوەش مەترسیی بڵاوبوونەوەی نەخۆشی بۆ خەڵكی شارۆچكەكە هەیە.
هاوكار باسی لەوەش كرد، هەموو جۆرە پلاستیك و نایلۆن خواردنی خراپ فرێ دەدرێتە ناو چەمەكەوە، "حكوومەت و هاووڵاتییان هەردوولا كەمتەرخەمن لە پیسكردنی ژینگەی سەیدسادق".
لەمبارەیەوە هەمزە ڕەشید سەرۆكی شارەوانیی سەیدسادق، بە"وشە"ی گوت، كۆمپانیای كۆكەرەوەی خۆڵ و خاشاك هەفتانە هەڵمەتی پاككردنەوە ئەنجام دەدات بۆ خۆڵ و خاشاكی ناو چەمی چەقان بە گەڵابە و شۆفڵ، بەڵام بەداخەوە لەلایەن هاووڵاتییان و دوكاندارەكانەوە زۆرجار پابەند نابن بە پاكڕاگرتنی ژینگەی شارۆچكەكەوە.
"لەسەر چەمی چەقان ناچار بووین كامێرای چاودێری دابنێین، بڕیاریشە هەركەس لە كامێرەكانەوە دەركەوێت زبڵ لەو چەمەدا فڕێ بدات سزای بدەین". سەرۆكی شارەوانی وای گوت.
سەرۆكی شارەوانی دەڵێت: لە شارۆچكەی سەیدسادق ڕۆژانە نزیكەی 80 تۆن خۆڵ و خاشاك كۆ دەكرێتەوە و فڕێ دەدرێت، تەواوی خاشاكەكە لە نایلۆن و خواردنی خراپ پێكهاتووە.