دوای ئەوەی چەند رۆژێكە بەهۆی رەشەبای بەهێز ئاگرێكی گەورە لۆس ئەنجیلۆسی گرتەوە و زیانی زۆری مادی و مرۆیی گەیاند، بەدوایدا بەهۆی هەمان هۆكار كالیفۆرنیای گرتەوە، ئێستەیش ئاگرەكە گەیشتووەتە نیویۆرك و زیاتر لە 150 شوقە ئاگریان تێبەر بووە و تا ئێستەیش ئاگرەكە كۆنترۆڵ نەكراوە.
پێگەی "شەفەق نیوز" ئەمڕۆ شەموو 11ی كانوونی دووەم بڵاوی كردووەتەوە، ئەو ئاگرە گەورەیەی بەهۆی رەشەبای بەهێز ئەو ویلایەتانەی ئەمەریكای گرتووەتەوە و تا ئێستە بەتەواوی كۆنترۆڵ نەكراوە، ئێستە بەهەمان هۆكار ئاگر گەیشتووەتە نیویۆرك كە باس لەوە دەكرێت، خێرایی رەشەباكە لە سەعاتێكدا 30 تا 40 میل دەبڕێت. تا ئێستەیش لە نیویۆرك حەوت كەس بەهۆی ئاگرەكەوە بریندارن.
میدیاكانی ئەمەریكا ئاماژە بەوە دەدەن كە گیشتنی ئاگرەكە بۆ نیویۆرك، چوارگۆشەیەكی نیشتەجێی هاووڵاتییانی گرتووەتەوە كە تا ئێستە 150 تا 160 شوقە ئاگریان تێبەر بووە. ئەویش دوای ماوەیەكی كەم كە ئاگر كالیفۆرنیای گرتەوە.
ئیدارەی ئاگركوژێنەوەی نیویۆرك دووپاتی كردووەتەوە، تا ئێستە بەهۆی كەوتنەوەی ئاگرەكە زیاتر لە 200 كارمەندیان بەشدارن لە كۆنترۆڵكردنی. لە گرتە ڤیدیۆییەكانیشدا دەركەوتووە گڕی ئاگر و بەرزبوونەوەی دووكەڵ لە باڵەخانەكانەوە بەرز دەبێتەوە و دۆخەكەی مەترسیدارتر كردووە و زیانی زۆری گەیاندووە.
لەبارەی زیانە مرۆییەكانیشەوە دەڵێت، پێنج كارمەندی ئاگركوژینەوە و دوو كەسی تریش سڤیل بەهۆی ئاگرەكەوە بریندارن و بۆ نەخۆشخانە گوازراونەتەوە.
میدیاكان باس لەوە دەكەن كە تا ئێستەیش سێ رووداوی ئاگركەوتنەوە لە ئەمەریكا هەیە و كۆنترۆڵ نەكراون، لەناویاندا ئاگرەكەی بالیسادیس لە نێوان سنتا مۆنیكا و مالیبۆ لە رۆژهەڵاتی لۆس ئەنجیلۆس كە 10 كەس بەهۆیەوە گیانیان لە دەست داوە، هەروەها نزیكەی 200 كەسیش بەهۆی ئاگرەكە شوێنەكانیان جێهێشتووە و نزیكەی 10 هەزار باڵەخانەیش ئاگریان تێبەر بووە، لەناویاندا گەڕەك هەیە سەرتاپای تووشی ئاگرەكە بووە، جیا لە سووتانی زیاتر لە 35 هەزار دۆنم زەوی كە دەگاتە رووبەری نیوەی مانهاتن.