دۆناڵد ترەمپ بەنیازە 100 بڕیار دەربكات و لە یەكەم رۆژی دەستبەكاربوونیەوە لە كۆشكی سپی، دەست بكات بە جێبەجێكردنیان.
دۆناڵد ترەمپ سەرۆكی هەڵبژێراوی ئەمەریكا، لە میانی كۆبوونەوەیەكی تایبەتدا لە كاپیتۆڵ هیڵ، سیناتۆرە كۆمارییەكانی ئاگادار كردووەتەوە كە 100 بڕیار دەردەكات .
ترەمپ گوتوویەتی، لە یەكەم رۆژی كاركردنی لە كۆشكی سپی، دەست بەجێبەجێكردنی بڕیارەكانی دەكات، ئەوانەش خۆیان لە تەناهیی سنوورەكان و دیپۆرتكردنەوەی پەنابەران و چەند بابەتێكی ئابووری و سیاسیدا دەبینێتەوە.
ستیڤن میلەر ڕاوێژكاری باڵای ترەمپ رای گەیاند، رێوشوێنەكانی پاراستنی تەناهیی سنوورەكان و جێبەجێكردنی بڕیاری دیپۆرتكردنەوەی كۆچبەران، بەمنزیكانە دەست پێ دەكات.
هاوپەیمانەكانی سەرۆكی هەڵبژێراوی ئەمەریكا پاكێجێك لە فەرمانی جێبەجێكردنیان ئامادە كردووە كە ترەمپ دەتوانێت بە خێرایی واژوویان لەسەر بكات، وەك رێوشوێنەكانی پاراستنی سنوورەكان لە نێوان ئەمەریكا و مەكسیك، پەرەپێدانی وزە، خشتەی فیدراڵی یاساكانی هێزی كار، سیاسەتی جێندەری لە قوتابخانەكان، ڤاكسین و ئەو بەڵێنانەی تر كە لە ماوەی بانگەشەی هەڵبژاردندا بە ئەمەریكییەكانی دابوو.