لە دوا سەردانی محەمەد شیاع سوودانی بۆ ئێران، زۆر شت یەكلا كرایەوە، مانەوەی هێزەكانی ئەمەریكا بۆ سێ ساڵی تریش لە عێراق، خامنەیی تووڕە كردووە.
چوارشەمی هەفتەی رابردوو محەمەد شیاع سوودانی سەرۆك وەزیرانی عێراق، سەردانی ئێرانی كرد بە مەبەستی ئاگاداركردنەوەی بەرپرسانی ئێران لە مانەوەی هێزەكانی ئەمەریكا لە عێراق و نەهێشتنی میلیشیا شیعەكانی سەر بەو وڵاتە لە عێراق، بەڵام سوودانی شكستی هێنا لە وەرگرتنی رەزامەندیی لایەنی ئێرانی لە هەردوو داواكارییەكەیدا.
ماڵپەڕی
"ئەلعەینی ئیخباریەی ئیماراتی" بڵاوی كردووەتەوە، سوودانی داوای لە ئێران كردووە كشانەوەی هێزەكانی ئەمەریكا دوا بخرێت و ئێران داواكەی رەت كردووەتەوە، بۆیە سوودانی بەرپرسانی باڵای ئێرانی ئاگادار كردەوە كە كشانەوەی هێزەكانی ئەمەریكا لە عێراق لانیكەم بۆ ماوەی سێ ساڵ دوا دەخرێت بەهۆی بارودۆخ و پێشهاتەكانی سووریا.
سوودانی هۆكاری ئەو بڕیارەی بۆ ئەوە گەڕاندووەتەوە كە بارودۆخی خراپی سووریا، هێشتا مەترسییە كە گرژییەكان بگوازرێتەوە بۆ عێراق.
دوای كۆبوونەوەی لەگەڵ سوودانی، خامنەیی بوونی ئەمەریكای لە عێراق بە "داگیركاری” وەسف كردووە، خامنەیی سوودانی ئاگادار كردەوە كە ئێران دژایەتیی بوونی هێزی ئەمەریكی لە عێراق دەكات.
بەپێی ئەو ماڵپەڕە هەواڵییە، خامنەیی لەبارەی میلیشیاكانیشەوە ئاماژەی بەوە كردووە كە ئێران بەردەوام دەبێت لە پاڵپشتیكردنی گرووپە چەكدارییەكان.
بەگوێرەی ئەو سەرچاوەیە، سوودانی لە هەڵوێستەكانی ئێران ناڕەحەت بووە، دوای ئەوەی لە دواخستنی كشانەوەی هێزەكانی ئەمەریكا ئاگادار كراونەتەوە.
سەرەتای مانگی ئەیلوولی 2024 وەزیری دەرەوەی عێراق، لە چاوپێكەوتنێكی تەلەڤزیۆنیدا ڕای گەیاندبوو، عێراق لەگەڵ ئەمەریكا گەیشتووەتە ڕێككەوتن لەسەر كشانەوەی وردە وردەی هێزەكانی هاوپەیمانان، هەروەها ڕێككەوتنەكە واژوو دەكرێت.
ئێستە نزیكەی دوو هەزار و 500 سەربازی ئەمەریكی لە عێراق لە چوارچێوەی هاوپەیمانی نێودەوڵەتی دژی گرووپە لە یاسا دەرچووەكان هەیە، 900 سەربازیی ئەمەریكیش لە سووریادا هەن.