كوڕی یوسف قەڕەزاوی گەورە بانگخوازی میسر، بە تۆمەتی "تێكدان و هاندانی تیرۆر" لە لبنان گیرا و ڕادەستی ئیمارات كرایەوە.
ڕۆژی 28ـی مانگی ڕابردوو، عەبدولڕەحمان قەڕەزاوی لە سووریاوە بە ڕێگەی وشكانیی خۆی گەیاندە لبنان و دەستبەجێ لەوێ گیرا، سەرەتا دەسەڵاتی دادوەریی لبنان گوتی، عەبدولڕەحمان قەڕەزاوی لەسەر داوای حكوومەتی میسر گیراوە، بەو پێیەی ناوبراو پێشتر لە میسر، تۆمەتی "هاندان بۆ تیرۆر و هەوڵدان بۆ ڕووخاندنی حكوومەتی لەسەر بوو، بڕیاری پێنج ساڵ زیندانیكردنی بۆ دەركرابوو.
بەڵام دواتر دەركەوت لبنان لەسەر داوای ئیمارات قەڕەزاوی گرتووە، تۆمەتەكانی حكوومەتی ئیمارات ئاراستەی قەڕەزاویی كوڕی كردووە چەندانن، لەوانە هاندانی تیرۆر و دەست تێكەڵكردن لەگەڵ هەوڵگریی وڵاتانی تر.
عەبدولڕەحمان قەڕەزاوی كە ساڵی ڕابردوو ڕووی لە سووریا كردووە، پەیامەكانی ناڕەزایی حكوومەتی ئیماراتیان لێ كەوتووەتەوە و بە هەوڵدان بۆ "تێكدانی ئاسایشی گشتی و هاندانی تیرۆر" تۆمەتبار كراوە.
هاوكاتی حكوومەتی میسر، حكوومەتی ئیماراتیش داوای گرتن و ڕادەستكردنی قەڕەزاویی لە لبنان دەكرد، چونكە دوای كەوتنی ڕژێمەكەی بەشار ئەسەد سەرۆكی پێشووی سووریا لە ڕۆژی هەشتی مانگی كانوونی یەكەمی 2024ـدا، قەڕەزاویی سەردانی مزگەوتی ئومەویی لە دیمەشق كردووە، لەوێوە گرتەیەكی ڤیدیۆیی بڵاو كردووەتەوە و هیوای خواستووە ڕژێمی میسریش بڕووخێت.