مەسروور بارزانی: ئەوەی بەغدا بەرانبەر كوردستان دەیكات، ستەمكارانە و نادادپەروەرانەیە و قبووڵكراویش نییە

:: AM:10:44:11/01/2025 ‌
لە كۆبوونەوەی لەگەڵ بەرپرسانی كورد لە بەغدا، سەرۆك وەزیرانی هەرێمی كوردستان رای گەیاند، ئەوەی ئێستە بەغدا بەرانبەر بەرانبەر بە خەڵكی كوردستان دەیكات، مامەڵكردنە لەگەڵ پارێزگایەك نەك هەرێمێكی فیدراڵ.

 ئەمڕۆ شەموو 11ـی كانوونی دووەم، مەسروور بارزانی سەرۆكی حكوومەتی هەرێمی كوردستان و قوباد تاڵەبانی جێگری سەرۆك وەزیران، لەگەڵ وەزیرەكانی كورد لە بەغدا و نوێنەرانی كورد لە ئەنجوومەنی نوێنەرانی عێراق كۆبووەوە، لە كۆبوونەوەكەدا سەرۆكی حكوومەت باسی لە مامەڵەی بەغدا بەرانبەر هەرێمی كوردستان كرد و گوتی، مامەڵەكە مامەڵەیەك نییە لەگەڵ هەرێمێكی فیدراڵ.

هاوكات سەرۆكی حكوومەت ئەوەشی گوت، ئێوە كە نوێنەری هەرێمی كوردستانن، ئەركی یەكەمتان نوێنەرایەتیی خەڵكی هەرێمی كوردستانە بە هەموو رەنگەگەكانیەوە، دواتر نوێنەری هێز و لایەنە سیاسییەكانن.

سەرۆكی حكوومەت باسی لەوەش كرد، ئێمە لەم چوار ساڵەدا گەیشتووینەتە ئەو قەناعەتەی ئەو ڕەفتارەی ئێستە بەغدا بەرانبەر هەرێمی كوردستان دەیكات، ستەمكارانە و نادادپەروەرانەیە و قبووڵكراویش نییە.

مەسروور بارزانی گوتی، من پێم وایە ئەگەر ئێمە یەك هەڵوێست بین، بەغدا ئەو توانایەی نییە شت بەسەر كوردستاندا بسەپێنێت، بەهۆی پەرتەوازەی لایەنە سیاسییەكانی كوردستانەوە، ئەو ماوەیە بەردەوام فشار لەسەر خەڵكی كوردستان دروست دەكات و ئەمەش بووەتە كێشە و لەمپەر بۆ بەرەوپێشڤەچوونی كوردستان.

سەرۆكی حكوومەتی هەرێمی كوردستان ئەوەشی گوت، دەبێت پێوەندییەكانی كوردستان و عێراق راست بكرێتەوە.

لەبارەی بڕیارەكانی دادگای فیدراڵی لەبارەی مووچە و شایستە داراییەكانی هەرێمی كوردستان، مەسروور بارزانی باسی لەوە كرد كە حكوومەتی فیدراڵ "پابەند نابێ بە بڕیارەكانی دادگای فیدراڵی ئەگەر بڕیارەكە لە بەرژەوەندیی هەرێمی كوردستان بێت." 
 
سەرۆك وەزیرانی هەرێمی كوردستان دەڵێت: "دەمانەوێت خەڵكی هەرێمی كوردستان لە 2025 لە دڵەڕاوكێ رزگاریان بێت".

ئەوەشی گوت: هەموو دۆزی كوردستانیان بە مووچەوە سەرقاڵ كردووە، ئەو هەموو قوربانی و خەبات و تێكۆشانەی 100 ساڵی كورد لە باشووری كوردستان كراوە، بچووك كراوەتەوە بۆ مووچە،  بەغدا لەم سیاسەتەی بەرانبەر كوردستان كە بەئەنقەست دەیكات سەركەوتووبووە.

سەرۆكی حكوومەت گوتی، نابێت بەغدا بەوە سەرقاڵمان بكات مووچە دێت یان نا، بۆیە ئێمە تەماحی زیاترمان هەیە، ئەویش بەرەوپێشبردنی كوردستان لە بواری ئابووری و خۆشگوزەرانی و ئازادیی سیاسی. خەڵكی كوردستان موستەحەقی ئەوە نییە  بەشتی بچووكەوە سەرقاڵ بكرێت.



وشە - سۆران عەزیز