تەیف سامی وەزیری دارایی عێراق دوای ئەوەی گوشاری هەرێمی كوردستانی كەوتووەتە سەر، بەپەلە خۆی گەیاندە لیژنەی دارایی عێراق بۆ ئەوەی روونكردنەوە لەسەر نەوتی كوردستان بدات، ئەوە لە كاتێكدایە دوای خوێندنەوەی دووەمی پڕۆژەكە ئەو كارە دەكرێت.
ئەمڕۆ شەموو 11ـی كانوونی دووەم، لیژنەی دارایی پەرلەمانی عێراق لەگەڵ تەیف سامی وەزیری دارایی عێراق كۆ دەبێتەوە، بابەتی گفتوگۆكان هەمواری یاسای بودجەی تایبەت بە دۆسیەی نەوت، مووچە و بودجەی هەرێمی كوردستان تاوتوێ دەكەن.
چوونی تەیف سامی لە كاتێكدایە هێشتا خوێندنەوەی دووەم بۆ پڕۆژەكە نەكراوە، بەڵام دوێنێ عەسر لیژنەی دارایی ئاگادار كردووەتەوە دێتە لیژنەكە و گفتوگۆ لەسەر ئەو بابەتە دەكات.
"وشە" زانیویەتی، ئەو فراكسیۆنە كوردییانەی لە كۆبوونەوەكەی ئەمڕۆی ئەنجوومەنی وەزیران بەشدارییان نەكرد، دەچنە كۆبوونەوەكەی تەیف و دواتر بەیاننامە دەردەكەن كە تەیف دەڵێت، كێشە لە دابەشكردنی مووچە نییە.
بڕیار بوو لەسەر داوای ئەو لیژنەیە لەسەر پرسی پارەی كاش، داوایان كردبوو عەلی عەلاق پارێزگاری بانكی ناوەندیی عێراق لە كۆبوونەوەكەدا ئامادە بێت، بەڵام ئەو بەشداریی ناكات و تەیف سامی دەچێت.
ساڵی رابردوو پەرلەمانی عێراق خوێندنەوەی یەكەمی بۆ پڕۆژەكە كرد، دوای خوێندنەوەی دووەم یان لە دانیشتنی خوێندنەوەی دووەم، پێویستە تەیف سامی بچێتە كۆبوونەوە، بەڵام ئەمڕۆ چووە.