خواست لەسەر كارەبا بۆ زیاتر لە حەوت هەزار و 500 مێگاوات بەرز بووەتەوە

:: AM:11:17:11/01/2025 ‌
وەزارەتی كارەبای حكوومەتی هەرێمی كوردستان رای گەیاند، خواست لەسەر كارەبا بۆ حەوت هەزار و 500 مێگاوات بەرز بووەتەوە.

ئەمڕۆ شەموو 11ـی كانوونی دووەم، لە راگەیەنراوێكی وەزارەتی كارەبادا هاتووە، لە وەرزی زستانی ئەمساڵ، خواست لە كارەبا بۆ حەوت هەزار و 500 مێگاواتی تێپەڕاندووە، لە كاتێكدا بەرهەمهێنانی كارەبا تەنیا سێ هەزار و 500 مێگاواتە.

دەشڵێت، لە كابینەی نۆیەمدا هەزار و 500 مێگاوات زیاد كراوە، بەڵام لە هەمان كاتدا 460 هەزار هاوبەشی نوێی كارەبا زیاد بووە، خواستی كارگەكانی چیمەنتۆ و ئاسن و كارگە پیشەسازییەكانی تر و پڕۆژەكانی وەبەرهێنان و سیتییەكان لەسەر كارەبا زیاتر بووە.

روون كراوەتەوە، هاوكات نەخۆشخانەكان و پڕۆژەكانی ئاو و داودەزگا تەناهییەكان و بەندیخانە و خاڵە سنوورییەكان، كارەبای بەردەوامیان بۆ دابین كراوە، بۆیە تێكڕای كاتی پێدانی كارەبا لە ساڵی 2024دا 12:44 سەعات بووە.

ئاماژە بۆ ئەوەش كراوە، تێچوونی بەرهەمهێنانی كارەبا لەناو قەیرانی دارایی و كێشە تەكنیكییەكانی گواستنەوەی سووتەمەنی بۆ وێستگەكانی بەرهەمهێنانی كارەبا، هێرشە تیرۆریستییەكانی سەر كێڵگەكانی گاز و شوێنی كاركردنی كۆمپانیای دانەغاز؛ ئەوەندەی تر كاریگەریی نەرێنییان بۆ سەر بەرهەمهێنانی كارەبا دروست كردووە.

ئاشكرا كراوە، وەزارەتی كارەبا بۆ باشتركردنی دۆخی كارەبا، وێڕای زیادكردنی ئەو هەزار و 500 مێگاواتە، تەنیا لە سێكتەری گواستنەوەدا زیاتر لە دەیان وێستگەی گواستنەوە و گۆڕین و مۆبایلی كارەبای لە ناوچە جیاوازەكانی هەرێمی كوردستان دامەزراندووە، بە درێژایی 350 كیلۆمەتر هێڵی كارەبای 132 كەی ڤیی پاڵەپەستۆی بەرز و 33 كەی ڤی راكێشاوە، سەتان پڕۆژەی تری لە تۆڕی دابەشكردنی ناوخۆ بنیات ناوە و كارەبای گەیاندووەتە سەرجەم ناوچە و گوندە دوورەدەستەكانی هەرێمی كوردستان. 

لە كۆتایی راگەیەنراوەكەدا هاتووە، هاووڵاتییان دڵنیا دەكەینەوە بەپێی ئەو بەرنامەیەی وەزارەتی كارەبا دایناوە، لە ڕێگەی سیستمی پێوەری زیرەك و پڕۆژەی رووناكی 24 سەعاتی، دۆخی كارەبا بەرەو باشبوون دەچێت.



وشە - رامیار جەواد