شرۆڤەكارێكی سیاسی: كۆبوونەوەی ئەمڕۆ یەكڕیزیی كورد بەهێز دەكاتەوە

:: PM:01:24:11/01/2025 ‌
شرۆڤەكارانی سیاسی رای گەیاند، هەنگاوی مەسروور بارزانی بۆ كۆبوونەوە لەگەڵ نوێنەرانی كورد لە بەغدا گرنگە، پێمان وایە سەرەتای یەكڕیزیی كورد و هاوپەیمانیی دەبێت بەرانبەر مامەڵە ناپەسندەكانی بەغدا.

عەبدوڵا مەلا ئەحمەد شرۆڤەكاری سیاسی، بە "وشە"ـی ڕاگەیاند، كورد هەمیشە بە هاوپەیمانی و یەكڕیزی دەستكەوتی زۆری هەبووە، نموونە بەغدای پاش سەدام، سەرۆك بارزانی و مام جەلال پێكەوە هاوئاهەنگیی باش لە نێوانیاندا هەبوو، ئەوەش بووە دەستكەوتی باش بۆ كورد.

ئەوەش دەڵێت، پاش نەخۆشكەوتن و كۆچی دوایی دوای مام جەلال، سەرۆك بارزانی ڕای گەیاند، دۆخی پاش مام جەلال تەنیا كاریگەریی لەسەر یەكێتی نییە، ئەو بەردەوام بوو لەسەر پاراستنی یەكڕیزی كورد، بەڵام بەهۆی هەندێ بەرپرسی ئەوكاتەی یەكێتی و دەستێوەردانی دەوڵەتانی هەرێمی، نەتوانرا هاوپەیمانی بەردەوام بێت و كورد یەكڕیز بێت.

روونی كردەوە، ئێمە پێمان وایە كۆبوونەوەی نائاسایی ئەمڕۆی ئەنجوومەنی وەزیرانی كوردستان بە ئامادەبوونی نوێنەرانی كورد لە بەغدا، دەبێتە هۆی سەرەتایەكی نوێی یەكڕیزیی كورد و ڕێككەوتنێكی نوێی نێوان پارتی و یەكێتی.

"عێراق بەرەو گۆڕانكاری دەڕوات، ئەوەی بەسەر عێراقدا دێت، هیچی لەوە كەمتر نابێت بەسەر لبنان و یەمەندا هاتووە، قۆناغێكی ڕاگوزەر و تایبەت دێتە ئاراوە و كورد دەبێت ئامادەبێت، ئەو بابەتانەی ئەمڕۆ لە كۆبوونەوەكەدا باس دەكرێن كە گرنگیی خۆیان هەیە، بۆیە دەستخۆشیمان بۆ هەنگاوی لەو شێوەیە هەیە و دەتوانرێ دەستكەوتی بۆمان هەبێت"، عەبدوڵا مەلا ئەحمەد وای گوت. 

هەڵەبجە/ عەزیز هەورامی



وشە - رامیار جەواد