پێشەوا هەورامانی: بڕیارێك دەدەین خزمەت بە سەقامگیریی عێراق ناكات

:: PM:02:59:11/01/2025 ‌
پێشەوا هەورامانی گوتەبێژی حكوومەتی هەرێمی كوردستان، دوا بەدوای كۆبوونەوەكەی هەولێر، لە كۆنگرەیەكی رۆژنامەوانیدا رای گەیاند، قسەی كۆبوونەوەكە ئەوەیە دەبێت بەغدا تەواو بودجە بنێرێت، ئەگەر نا بڕیارێك دەدرێت لە بەرژەوەندیی سەقامگیریی عێراق نابێت. 

ئەمڕۆ شەموو 11ی كانوونی دووەم، پێشەوا هەورامانی گوتی، لایەنەكان یەكدەنگن بەرانبەر بەو ستەمەی كە بەغدا لە هەرێمی كوردستانی دەكات، ماوەیەكی درێژە خەڵكی كوردستان لەبەر ئەو ستەمە دەناڵێنن. 

ڕوونیشی كردەوە، پلانی داهاتوو كشانەوەیە لە بەغدا كە لایەنە سیاسییەكان دواتر بڕیاری لێ‌ دەدەن، چونكە ئەو پرسە هاوبەشە و حزبی نییە. هەروەها گوتی، هیوادارین نەگەین بە بڕیارێك لە بەرژەوەندیی سەقامگیریی عێراقدا نەبێت. 

پێشەوا هەورامانی ئەوەیشی گوت، هەر رێگەیەك بگرینەبەر، لەوە باشترە زەلیلی هەڵبژێرین، هەموو شتێكیش لەبارەی مووچەی مانگی 12 دراوەتە بەغدا و پێویستە بینێرێ‌، دوا قسەیشیان ئەوە بووە كە دەینێرن. 

وەك دووپاتی كردەوە كە گەیشتوونەتە ئەو بڕوایەی، هیچ واژوویەكی حكوومەتی عێراق لە بەغدا رێزی لێ‌ ناگیرێت، ئەوەیش كێشەی سەرەكییە بۆ حكوومەت لەوێ‌. 

هەروەها باسی لەوە كرد كە نەك لە بابەتی مووچە، بەغدا لە بابەتی پێشمەرگە و تەندروستی و سێكتەری تریش ستەم لە كوردستان دەكات. 

هەورامانی گوتی، پلانمان ئەوەیە ئەمساڵ بە چوون و هاتنی شاندەكان تەواو نەكەین، ئەمڕۆ كۆبوونەوەی حزبی نەبوو، ئەمڕۆ كورد بە یەك تیم لەو كۆبوونەوەیەدا بەشدار بوون. 



وشە - سه‌رخێڵ هاشم