یارییە ئەلیكترۆنییەكان و كاریگەرییان لەسەر دۆخی دەروونیی منداڵان

:: PM:03:19:11/01/2025 ‌
كەناڵێكی عەرەبیی تایبەت بە هەواڵەكان ئەمڕۆ بڵاوی كردووەتەوە، یارییە ئەلیكترۆنییەكان بەتایبەتی بۆ منداڵان، كاریگەریی زۆر خراپ و مەترسیداری هەیە، مەترسییەكەی لە ئاستێكدایە كاریگەریی بۆ هەڵسوكەوتی رۆژانە و دوورمەودایش بۆ دۆخی دەروونییان دروست دەكات، بۆیە ئەركی باوك و دایكانە وریای ئەو دیاردە مەترسیدارە بن كە منداڵ و هەرزەكاران تووشی دەبن.

پێگەی ئەلیكترۆنیی رۆژنامەی رۆژانەی "ئەهرام"ی میسری، ئەمڕۆ شەموو 11 كانوونی دووەم بڵاوی كردووەتەوە، كەناڵی "قاهیرە ئیخباریە" راپۆرتێكی لەبارەی یارییە ئەلیكترۆنییەكان و كاریگەرییان لەسەر هەڵسوكەوتنی منداڵان، لە ژێر ناونیشانی "یارییە ئەلیكترۆنییەكان لە نێوان خۆشڕابوێری و ونبوونی دەروونی منداڵان" بڵاو كردووەتەوە، سەرانسەری راپۆرتەكە باس لە كاریگەرییە نەرێنییەكانی یارییە ئەلیكترۆنییەكان لەسەر منداڵان دەكات.

باس لەوە كراوە كە یارییە ئەلیكترۆنییەكان دروست كاریگەرییان لەسەر هەڵسوكەوتی رۆژانەی منداڵ هەیە، ئەوەشیان لە هەڵسوكەوتی رۆژانەی لەناو ماڵ و خێزانەكەی بە روونی دەردەكەوێت، چونكە ئەو جۆرە یارییە وا دەكات منداڵان زیاتر پەرۆشی فیلمە ئەكشنەكان بن و بۆ ئەوەیش لە نەستەوە كاریگەرییان دەكەوێتە سەر، دواتریش لە دوورمەودا منداڵ دۆخی دەروونیی تێكدەچێت كە ئەوەیش كاریگەریی لە داهاتووی زیاتر دەبێت.

ئاماژە بەوە دراوە كە یارییە ئەلیكترۆنییەكان وێڕای بۆ منداڵ و هەرزەكاران سەرنجڕاكێشن، وا دەكەن بایەخی زیاتری پێ بدەن و كاتی زۆرتریشی پێوە بەفیڕۆ بدەن، بەڵام دواتر تووشی هەڵسوكەوتی مەترسیداریان دەكاتەوە، وەك خووگرتن بە توندوتیژی و دابڕانێكیش لە نێوان منداڵ و خێزانەكەی، هەموو ئەوانە وا دەكەن منداڵ یان هەرزەكار تووشی گۆشەگیریی كۆمەڵایەتی بێت.

دووپات لەوەش كراوەتەوە كە كاتێك منداڵ بەهۆی ئەو جۆرە یارییانەوە تووشی گۆشەگیری دەبێت، لەگەڵیدا واز لەو خووە ناهێنێت كە تووشی بووە و وا دەكات سەرنجەكانی بۆ رووداوەكانی دەوروبەری لاواز بێت، بۆیە تووشی دڵەڕاوكێ و گۆشەگیری دەبێت كە دواتر بەقووڵی كاریگەریی نەرێنیی لەسەر دۆخی دەروونی دەبێت.

دواتریش راپۆرتەكە سەرنج دەخاتە سەر هەڵسوكەوتی باوك و دایكان كە ئەركی ئەوانە چاودێریی منداڵەكانیان بكەن و لە مەترسیی یارییە ئەلیكترۆنییەكان رێنوێنییان بكەن، دەبێ ئەوەیان بۆ روون بكەنەوە كە جیاوازی هەیە لە نێوان خۆشڕابوێری و یاریكردن تا نەكرێتە خوویەكی بەردەوام، پێدانی ئەو رێنوێنییانە بە رژد وەربگرن. 

 



وشە - وشیار ئه‌حمه‌د ئه‌سوه‌د