حەسیبە گەردی ئەندامی پێشووی پەرلەمانی كوردستان رای گەیاند، ئەوانەی لە بەغدا دەسەڵاتیان هەبووە هەموو ڕێگەیەكیان گرتووەتەبەر بۆ لەناوبردنی خەڵكی كوردستان و سڕینەوەی خەڵك و خاكی كوردستان، ئێستەش بەغدا درێژكراوەی هەمان عەقڵییەتە و تا بتوانن دوژمنكارانە لە دژی كوردستان بەردەوام دەبن.
ئەمڕۆ شەموو 11ی كانوونی دووەم، حەسیبە گەردی ئەندامی خولی پێشووی پەرلەمانی كوردستان، بە "وشە"ی گوت، بەرانبەر بە گەلی كوردستان بەغدا نوێنەرایەتیی هێزێكی داگیركەر و خۆسەپێن دەكات، هێڵێكی خواری نادادی و ستەم و زۆردارییە كە زیاتر لە 100 ساڵە بەردەوامە.
روونیشی كردەوە كە ئیتر كاتی ئەوەیە ئەو هێڵە خوارەی بەغدا راست بكرێتەوە، بەغدا ناچار بكرێت چۆك بدات لە بەرانبەر خواستە نەتەوەیی و نیشتمانییەكانی خەڵكی كوردستان، لە دوای سەرهەڵدانی شۆڕشی ئەیلوول بە ڕابەرایەتیی باوكی ڕۆحی گەلی كوردستان "مستەفا بارزانی"، بەغدا زۆرجار بە چۆكدا هاتووە و ملی بۆ داخوازییەكان داوە كە هەموو جار بە ناچاری بووە، نەك بە گەیشتن بە قەناعەت بەوەی كە دەبێ عێراق ئەگەر بڕیارە دەوڵەت بێت، دەبێ بۆ هەمووان بێت، ئەگەر نا بۆ كەس نابێت.
"ئەوانەی لە بەغدا دەسەڵاتیان هەبووە، هەموو ڕێگەیەكیان گرتووەتەبەر بۆ لەناوبردنی خەڵكی كوردستان و سڕینەوەی خەڵك و خاكی كوردستان، ئێستەش بەغدا درێژكراوەی هەمان عەقڵییەتە و تا بتوانن و بۆیان بلوێ، دوژمنكارانە لە دژی كوردستان بەردەوام دەبن، بۆیە لەگەڵ بەغدا بە قسە و یاسا و دەستوور و گفتوگۆ هیچ ناگۆڕێت، تەنیا ڕێگە ناچاركردنی بەغدایە، ئەوەش تەنیا بە یەكهەلوێستی و یەكگوتاری دروست دەبێت"، حەسیبە گەردی وای گوت.
هەروەها باسی لەوە كرد كە قسەكانی مەسروور بارزانی سەرۆك وەزیرانی كوردستان لە كۆبوونەوەی نائاسایی ئەنجوومەنی وەزیران بە بەشداری نوێنەرانی كورد لە بەغدا، ئەوەی لێ پێشبینی دەكرێت كە هێزە كوردستانییە ڕەسەنەكان، بەو ئاراستەیە دەڕۆن و دەرفەتی گەورە هەیە كە بەغدا ناچار بكرێ و جارێكی تر چۆك لە بەرانبەر مافە نەتەوەیی و نیشتمانییەكانی خەڵكی كوردستان بدات.
وەك دڵنیایی دا كە مەسروور بارزانی توانای بەردەوامیدان و دووبارەكردنەوەی مێژووی باب و باپیرانی هەیە لە بەرانبەر بەغدا، بەغداش ئەوە باش دەزانێت، بۆیە ئەگەر كورد یەك بن، هیچ شتێك نەكردە نییە و هەموو شتێك لە بەرژەوەندیی كوردستان یەكلا دەبێتەوە.