جۆزێف عەون سەردانی سعوودیە دەكات

:: PM:04:55:11/01/2025 ‌

پێنجشەمی رابردوو دووەم گۆڕانكاریی گەورە لە رۆژهەڵاتی ناوەڕاست رووی دا، كاتێك لەدوای رووخانی رژێمی بەشار ئەسەد لە سووریا و دانانی دەسەڵاتێكی سوننە، ئەمەریكا سەرۆكێكی بۆ لبنان دیاری كرد، كە كەسێكی دوورە لە دەسەڵاتی ئێران و حزبوڵای لبنانی و شیعە، جۆزێف عەون سەرۆكی نوێی لبنان رای گەیاند كە یەكەم سەردانی بۆ دەرەوەی لبنان بۆ سعوودیە دەبێت.

شارەزایان باسی ئەوە دەكەن كە هەڵبژاردنی جۆزێف عەون بە پاڵپشتیی ئەمەریكا و رۆژئاوا و سعوودیە بووە، سعوودیە و وڵاتانی كەنداو و رۆژئاواش بەهۆی هەژموونی حزبوڵا و ئێران بەسەر دەوڵەتی لبنان، هەموو یارمەتییەكیان بۆ لبنان وەستاند، بۆیە ئێستە لبنان چاوی لە پاڵپشتیی ئەمەریكایە بۆ بنیاتنانەوەی وڵاتەكەی دوور لە حزبوڵا و لە سعوودیە و كەنداویش بۆ ئاوەدانكردنەوە و رزگاركردنی لەو تەنگژە داراییەی تێی كەوتووە.

وەك ئاژانسی هەواڵی لبنان بڵاوی كردەوە، ئەمڕۆ شەموو عەون پێوەندییەكی تەلەفۆنی لە لایەن محەمەد بن سەلمان شازادەی جێنشین و سەرۆك وەزیرانی سعوودیە پێ گەیشت بۆ پیرۆرزباییكردن بە بۆنەی هەڵبژاردنی وەك سەرۆكی لبنان، لەو پێوەندییە عەون بە بن سەلمانی راگەیاندووە كە سعوودیە دەبێتە یەكەم وێستگەی سەردانی لە رۆژانی داهاتوودا.

لە پێوەندییە تەلەفۆنییەكەدا باسی دوایین پێشهات و پێوەندییەكانی هەردوولا  كراوە، بن سەلمان بانگهێشتی سەرۆكی لبنانی بۆ سەردانیكردنی سعوودیە كرد، عەونیش دووپاتی كردووتەوە كە سعوودیە دەبێتە یەكەم وێستگەی سەردانەكانی بۆ دەرەوەی لبنان، ئەوەش لە سۆنگەی باوەڕی بە رۆڵی سعوودیە بۆ یارمەتیدان و پاڵپشتیكردنی لبنان.



وشە - مه‌حموود ئیسماعیل