بە ئامادەبوونی نوێنەرانی هەرێمی كوردستان لە بەغدا، ئەنجوومەنی وەزیرانی هەرێمى کوردستان كۆ بووەوە، داوا لە حكوومەتی فیدراڵ دەكات وەك قەوارەیەكی دەستووری و فیدراڵی، ماف و شایستە داراییەكانی هەرێم بدات.
بە سەرپەرشتیی مەسروور بارزانی سەرۆك وەزیرانی هەرێمی كوردستان، و ئامادەبوونی قوباد تاڵەبانی جێگری سەرۆك وەزیران، ئەنجوومەنی وەزیرانی هەرێمی كوردستان كۆبوونەوەیەكی نائاسایی تایبەت بە ماف و شایستە داراییەكانی هەرێم لە بەغدا، بە بەشداریی نوێنەرانی هەرێمی كوردستان لە حكوومەتی فیدراڵ و ئەنجوومەنی نوێنەرانی عێراق ئەنجام دا.
لە دەستپێكی كۆبوونەوەكەدا، سەرۆك وەزیران ئاماژەی بەوە دا كە بابەتی سەرەكیی كۆبوونەوە، دابینكردن و داكۆكیكردنە لە بەرژەوەندییەكانی خەڵكی كوردستان كە بەرپرسیارێتییەكی مێژوویی و نیشتمانیی هەموومانە، بۆیە بانگهێشتنامەمان ئاراستەی هەموو فراكسیۆنە كورستانییەكان كرد و هیواداربووین هەموو لایەنە كوردستانییەكان بەشداریان تێدا كردبا، تا پێكەوە بە ئاشكرا و ڕووبەڕوو، گفتوگۆ لەسەر تەوەرەكان بكەین لەبەر ڕۆشنایی ڕاستییەكان.
سەرۆك وەزیران دووپاتی كردەوە، ئەركی نوێنەرانی هەرێمی كوردستانە، بەرگری لە بەرژەوەندیی خەڵكی كوردستان و ماف و شایستە داراییەكانی خەڵكی كوردستان بكەن. هەرچەندە ئێمە جیا لە شایستە داراییەكان، چەندان بابەتی نیشتیمانیی ترمان هەیە كە داكۆكی لەسەر بكەین وەك جێبەجێكردنی مادەی 140ی دەستوور و چارەنووسی ناوچە دابڕێندراوەكانی هەرێمی كوردستان، ماف و شایستەكانی پێشمەرگە وەك بەشێك لە دامەزراوەی بەرگری و قەرەبووكردنەوەی كەسوكاری قوربانییانی ئەنفال وهەڵەبجە و قوربانییانی دەستی تاوانەكانی ڕژێمی پێشوو و خاپووركردنی 4500 گوندی كوردستان، كە دەستووری عێراق بە دەقی ئاشكرا بڕیاری ئەم قەرەبووانەی داوە، كە ناكرێ ئێمە هەموو كێشە و داواكانی خۆمان لە بابەتی مووچەدا كورت بكەینەوە، بەداخەوە بەغدا توانیویەتی كێشەكانی ئێمە بچووك بكاتەوە و سەرقاڵمان بكات بەوەی مانگانە مووچەی خەڵكی كوردستان دەدرێ یان نا.
سەرۆك وەزیران گوتی، ئەم كۆبوونەوەیەی ئێمە گرنگە، ئەگەر ئێمە یەكهەڵوێست بین و بەغدا هەست بەوە بكات كە كوردستان ڕژدە و پێداگری لەسەر مافەكانی خۆی دەكات، باوەڕ ناكەم بەغدا بتوانێت خەڵكی كوردستان پەراوێز بخات و ئەم داواكارییانەی كوردستان نادیدە بگرێ. بۆیە ئێمە نابێ بكەوینە ژێر كاریگەریی سیاسەتێكی نادروست كە ئامانجی ئەوەیە هەرێمی كوردستان بچووك بكاتەوە و مافەكانی خەڵكی كوردستان پێشێل بكات. بەداخەوە ئەو ڕەفتارەی ئێستە بەغدا لەگەڵ هەرێمی كوردستان دەیكات، مامەڵەی فیدراڵییەت و قەوارەیەكی فیدراڵی نییە، چونكە لەگەڵ پارێزگایەكیش بەم شێوەیە مامەڵە ناكەن كە لەگەڵ هەرێم دەیكەن، بۆیە ئەم ڕەفتارەی بەغدا لەگەڵ هەرێمی كوردستان دەیكات، ڕەفتارێكی نادادپەروەرانەیە و دژ بە دەستووری عێراقە، ناگونجێت لەگەڵ سیستمی فیدراڵی و قەبووڵكراویش نییە.
سەرۆك وەزیران دووپاتی كردەوە، ئێمە دەبێ ئەم پەیوەندییە ڕاست بكەینەوە، دەستوورێكمان هەیە دەبێ پابەندی دەستوور بین و ڕێز لە قەوارەی هەرێمی كوردستان بگیرێت. زۆرجار بەغدا ئێمە دەباتە بەر دادگای باڵای فیدراڵی، بە حیساب بڕیاری ئەم دادگایە بەهێزترە لەوەی هەندێك هەنگاو لەگەڵ هەرێمی كوردستان بگیرێتە بەر، بەڵام بینیمان كە مامەڵەكردنیش لەگەڵ دادگای فیدراڵی بە میزاجە. كەی لە بەرژەوەندیی ئەوان بوو هەمیشە پەنایان بۆ بردووە، بەڵام كە دادگای فیدراڵی بڕیارێكی لە بەرژەوەندیی خەڵكی كوردستان دابێت، پەراوێزیان خستووە.
سەرۆك وەزیران گوتیشی، ئێستە ئێمە دەمانەوێ ساڵی 2025 خەڵكی ئێمە لەو نیگەرانی و دڵەڕاوكێیەدا ڕزگاری ببێت، چونكە شایستەی ئەوە نییە بەم شێوەیە مامەڵەی لەگەڵ بكرێت. خەڵكی ئێمە شایستەی ئەوەیە ڕێز لە خەبات و قوربانیدانی بگیرێت و وەك هەموو خەڵكی تری عێراق مووچە و شایستە داراییەكانی پێ بدرێت. ئێمە داوای یەكسانی و مافە دەستوورییەكانی خۆمان دەكەین، داوا دەكەین پێوەندییەکى تەندروست لە نێوان بەغدا و هەولێر دروست بكرێت.
دواتر وەزیرانی دارایی و ئابووری، سامانە سروشتییەكان بەوەكالەت، پلاندانان، كاروباری پێشمەرگە، كار و كاروباری كۆمەڵایەتی، تەندروستی و كاروباری شەهیدان و ئەنفالكراوان، ڕاپۆرت و زانیاریی وردی پشتبەستوو بە خشتە و ژمارەی دروست و بەڵگەنامەی پێشێلكردنی مافە دەستورییەكانی هەرێمی كوردستان و مامەڵەی نادادپەروەرانەی حكوومەتی فیدراڵ لەگەڵ خەڵكی هەرێمی كوردستان، بۆ ئامادەبووان خستەڕوو.
دوای گفتوگۆ و ڕاگۆڕینەوە و تاوتوێكردنی بابەتەكان، كۆبوونەوە دووپاتى لە چڕكردنەوەی هەوڵەكان و هاوهەڵوێستی و هاوئاهەنگیی پێویستی نێوان لایەنە كوردستانییەكان و نوێنەرانی هەرێمی كوردستان لەسەر ئاستی ئەنجوومەنی وەزیرانی فیدراڵ و ئەنجومەنی نوێنەران كردەوە، لە پێناو بەدەستهێنانی تەواوی ماف و شایستەكانی هەرێم لە بەغدا لە چوارچێوەی یاسای بودجە و بڕیاری دادگای باڵای فیدراڵی بۆ خەرجكردنی مووچە، هاوتای ناوچەكانی ترى عێراق و لە كاتی خۆیدا، ڕێزگرتن لە مافە دەستوورییەكانی هەرێم وەك قەوارەیەكی فیدراڵی و دەستووری.
لە كۆبوونەوەکەدا بڕیار درا:
یەكەم: حكوومەتی هەرێمی كوردستان و نوێنەرانی هەرێمی كوردستان لە حكوومەتی فیدراڵ، بە شێوەیەكی هاوبەش كار بۆ دابینكردنی مووچەی تەواوی مووچەخۆرانی هەرێمی كوردستان بۆ هەر 12 مانگی ساڵی 2025 بكەن. بۆ ئەم مەبەستەش، بڕیار درا شاندێك لە نوێنەرانی هەرێمی كوردستان لە بەغدا، لەگەڵ سەرۆك وەزیرانی فیدراڵ كۆ ببێتەوە و پەیامی هەرێمی كوردستانی پێ بگەیەنن كە پێویستە وەك قەوارەیەكی فیدراڵی و دەستووری مامەڵە لەگەڵ هەرێمی كوردستان بكرێت، و بۆ ساڵی 2025 كێشەی مووچە چارەسەر بكرێت.
دووەم: وەزارەتی دارایی و ئابووریی هەرێمی كوردستان، دەبێ بەشدار بێت لە پرۆسەی پێداچوونەوە بە بەشی هەرێمی كوردستان لە خشتەی پێشنیاركراوی خەرجییەكانی مووچە، خەرجییەكانی بەكاربردن، پڕۆژەكانی بودجەی وەبەرهێنان، بودجەی پەرەپێدانی هەرێم و پارێزگاكان و خشتەكانی سەرجەم شایستەكانی ساڵی دارایی 2025 بە هاوبەشی لە نێوان هەردوو وەزارەتی دارایی هەرێم و فیدراڵ ئامادە بكرێت، بە تایبەتی بۆ بەشی هەرێم و شایستەكانی و پلەی وەزیفی و میلاك بەگوێرەی دەستوور و بڕیاری دادگای باڵای فیدراڵی.
سێیەم: لە ئێستەوە كار بكرێت لە یاسای بودجەی فیدراڵ، بەشی هەرێمی كوردستان لە بودجە دیاری بكرێت لە سەر بنەمای ڕێژەی دانیشتووانی هەرێم بەپێی سەرژمێریی گشتیی ساڵی ڕابردوو، پێوەرە دەستوورییەكانی دادپەروەری لە دەستنیشانكردنی بەشی هەرێم لە بودجە وەك قەوارەیەكی فیدراڵی، دواتر بەپێی تایبەتمەندیی هەرێمی كوردستان وەك هەرێمێكی فیدراڵی، بۆ هەرێم بنێردرێت و لە چوارچێوەی بودجەی هەرێم دابەش بكرێتەوە.