دەقی بڕیارەكان لە هەولێرەوە بۆ بەغدا

:: PM:05:16:11/01/2025 ‌
لە كۆبوونەوەی هاوبەشی ئەمڕۆی نوێنەرانی كورد لە بەغدا لەگەڵ ئەنجوومەنی وەزیرانی كوردستان، كە بە سەرپەرشتیی مەسروور بارزانی سەرۆك وەزیرانی كوردستان بەڕێوە چوو، سێ‌ بڕیار دران.

دەقی بڕیارەكان بەمشێوەیە بوون:
یەكەم: حكوومەتی هەرێمی كوردستان و نوێنەرانی هەرێمی كوردستان لە حكوومەتی فیدراڵ، بە شێوەیەكی هاوبەش كار بۆ دابینكردنی مووچەی تەواوی مووچەخۆرانی هەرێمی كوردستان بۆ هەر 12 مانگی ساڵی 2025 بكەن. بۆ ئەم مەبەستەش، بڕیار درا شاندێك لە نوێنەرانی هەرێمی كوردستان لە بەغدا، لەگەڵ سەرۆك وەزیرانی فیدراڵ كۆ ببێتەوە و پەیامی هەرێمی كوردستانی پێ بگەیەنن كە پێویستە وەك قەوارەیەكی فیدراڵی و دەستووری مامەڵە لەگەڵ هەرێمی كوردستان بكرێت و بۆ ساڵی 2025 كێشەی مووچە چارەسەر بكرێت.

دووەم: وەزارەتی دارایی و ئابووریی هەرێمی كوردستان، دەبێ بەشدار بێت لە پرۆسەی پێداچوونەوە بە بەشی هەرێمی كوردستان لە خشتەی پێشنیاركراوی خەرجییەكانی مووچە و خەرجییەكانی بەكاربردن و پڕۆژەكانی بودجەی وەبەرهێنان و بودجەی پەرەپێدانی هەرێم و پارێزگاكان و خشتەكانی سەرجەم شایستەكانی ساڵی دارایی 2025 بە هاوبەشی لە نێوان هەردوو وەزارەتی دارایی هەرێم و فیدراڵ ئامادە بكرێت، بە تایبەتی بۆ بەشی هەرێم و شایستەكانی و پلەی وەزیفی و میلاك بەگوێرەی دەستوور و بڕیاری دادگای باڵای فیدراڵی.

سێیەم: لە ئێستەوە كار بكرێت لە یاسای بودجەی فیدراڵ، بەشی هەرێمی كوردستان لە بودجە دیاری بكرێت لە سەر بنەمای ڕێژەی دانیشتووانی هەرێم بە پێی سەرژمێریی گشتیی ساڵی ڕابردوو و پێوەرە دەستوورییەكانی دادپەروەری لە دەستنیشانكردنی بەشی هەرێم لە بودجە وەك قەوارەیەكی فیدراڵی، دواتر بەپێی تایبەتمەندیی هەرێمی كوردستان وەك هەرێمێكی فیدراڵی، بۆ هەرێم بنێردرێت و لە چوارچێوەی بودجەی هەرێم دابەش بكرێتەوە.

هەر لە كۆبوونەوەكەی ئەمڕۆدا، مەسروور بارزانی سەرۆك وەزیرانی كوردستان دووپاتی كردەوە، بۆ ساڵی 2025 دەبێت خەڵكی كوردستان لەو دۆخە ناخۆشە دەروونییە رزگار بكرێن لەبارەی مووچە و بودجەی كوردستان. هەروەك دووپاتی كردبووەوە كە ئەوەی بەغدا دەیكات بەرانبەر بە خەڵكی كوردستان ستەمە.


وشە - سه‌رخێڵ هاشم