حەشدی شەعبی لە هەموو پارێزگاكانی عێراق دەستوەردان لە تەواوی جومگەكان حوكمڕانی دەكات و تۆمارێكی دەنگی كە دزەی پێ كراوە، تێیدا فەرماندەیەكی ئەو گرووپە داوا لە هێزەكانی دەكات، بەجلی مەدەنییەوە بەشداریی لە كۆنگرەی سیاسیی پارێزگاكە بكەن.
لە تۆڕە كۆمەڵایەتییەكان تۆمارێكی حەشدی شەعبی هەرا دەنێتەوە، بەرپرسێك داوا لە هێزەكانی دەكات وەك كەسی مەدەنی بەجلی مەدەنییەوە، بەشداریی كۆنگرەی سیاسیی پارێزگاكە بكەن و ئەمەش بۆ پشتیوانی لە گرووپە شیعییەكان.
ئەم تۆمارە كە لە تۆڕە كۆمەڵایەتییەكان بڵاو كرایەوە، خەڵك رەخنەی ئەوەیان گرت كە ئەو هێزە میلیشیا شیعییە، دەستێوەردان لە هەموو كاروبارێكی سیاسی و مەدەنی و ئیداریی پارێزگاكان دەكات.
ئەو تۆمارە دەنگییە، مشتومڕێكی بەرفراوانی لە ناوەندە ناوخۆییەكانی پارێزگای ئەنبار ناوەتەوە و چاودێران پێیان وایە، زیان بە سەقامگیریی پارێزگاكە دەگەیەنێت و هەڕەشە لە یەكڕیزیی هێزەكان دەكات.
ئەنجوومەنی پارێزگای ئەنبار لەبارەی ئەم تۆمارە دەنگییەوە، فەرماندەی حەشدی لە پارێزگاكە بانگهێشت كرد.
پێشتریش پارێزگاری ئەنبار كە هاوكات سەرۆكی لیژنەی باڵای تەناهیی ئەو پارێزگایەیە، فەرماندەی حەشدی بانگهێشت كردبوو، بەتایبەتی دوای ئەوەی یەكێك لە فەرماندەكانی حەشد، هەڕەشەی لە چەكدارێكی حەشدی عەشایەری كردبوو. بەهۆی ئەمانەوە ئیدارەی پارێزگاكە داوایان لە بەرپرسەكەی حەشد كردووە دەبێت دەست لە كار بكێشێتەوە.