هاوپەیمانیی ئیدارەی دەوڵەت راگەیەنراوی وەزارەتی دارایی عێراق لەبارەی مووچەی هەرێم رەت دەكاتەوە

:: PM:10:17:12/01/2025 ‌
ئەمشەو هاوپەیمانیی ئیدارەی دەوڵەت بە ئامادەبوونی محەمەد شیاع سوودانی و نێچیرڤان بارزانی دانیشتنی ئاسایی خۆی ساز دا، لە كۆشكی حكوومی لە بەغدای پایتەخت، بەپێی راگەیەنراوی كۆبوونەوەكە، عێراق هیچ نیازێكی سیاسیی نەبووە لەوەی مووچەی مووچەخۆرانی هەرێم دواكەوتووە، تەنیا چەند كێشەیەكی تەكنیكین كە دەكرێت بە گفتوگۆ و لێكتێگەیشتن چارەسەر بكرێن، ئەمەیش دوای ئەم كۆبوونەوەیە دێت كە دوێنی ئەنجوومەنی وەزیرانی هەرێمی كوردستان لەگەڵ وەزیرە كوردەكانی بەغدا و نوێنەرانی كورد سازی دا و دووپاتی كردەوە، و داوای كرد بە هەرشێوەیەك بێت دەبێت مووچەی ساڵی 2025ی مووچەخۆران گەرەنتی بكرێت و هاوكات لە هەمان كاتدا رەتكردنەوەی ئەم راگەیەنراوەی ئەمشەوی وەزارەتی دارایی فیدراڵ بوو بەوەی گوایا كە حكوومەتی فیدراڵ پابەندی ناردنی مووچە بووە لە كاتی خۆیدا. 

دوای ئەوەی دوێنی لە كۆبوونەوەی ئەنجوومەنی وەزیراندا دووپات لە چڕكردنەوەی هەوڵەكان و هاوهەڵوێستی و هاوئاهەنگی پێویستی نێوان لایەنە كوردستانییەكان و نوێنەرانی هەرێمی كوردستان لەسەر ئاستی ئەنجوومەنی وەزیرانی فیدراڵ و ئەنجومەنی نوێنەران كردەوە، لە پێناو بەدەستهێنانی تەواوی ماف و شایستەكانی هەرێم لە بەغدا لە چوارچێوەی یاسای بودجە و بڕیاری دادگای باڵای فیدراڵی بۆ خەرجكردنی مووچە، هاوتای ناوچەكانی ترى عێراق و لە كاتی خۆیدا، ڕێزگرتن لە مافە دەستوورییەكانی هەرێم وەك قەوارەیەكی فیدراڵی و دەستووری، ئەمشەو هاوپەیمانیی ئیدارەی دەوڵەت لە یەكەم وەڵامدانەوەیدا بۆ كۆبوونەوەكە ئامادەیی عێراقی نیشاندا بۆ چارەسەركردنی گشت كێشەكانی مووچەی هەرێم بە دانیشتن و گفتوگۆ و لێكتێگەیشتن، وەك لە راگەیەنراوەكەی ئەمشەوی هاوپەیمانی ئیدارەی دەوڵەتدا هاتووە كە هیچ ئاڕاستەیەكی سیاسی نییە لە دۆسیەی مووچەخۆرانی هەرێم، ئەوەی هەیە چەند كێشەیەكی هونەرین و دەكرێت بە دانیشتن و گفتوگۆ و لێكتێگەیشتن و دوور لە دەزگاكانی راگەیاندن چارەسەریان بۆ بدۆزرێتەوە. 

ئەم راگەیەنراوەی ئەمشەوی هاوپەیمانیی ئیدارەی دەوڵەت، جگە لەوەی بە یەكەمین دەرەنجامی ئەرێنیی كۆبوونەوەكەی ئەنجوومەنی وەزیرانی کوردستان دادەنرێت، هاوكات رەتكردنەوەی ئەم راگەیەنراوەی ئەمشەوی وەزارەتی دارایی فیدراڵە، كە رای گەیاند بوو هەموو مانگێك لە كاتی خۆیدا مووچەمان بۆ هەرێم ناردووە و بەرپرسیارییەتی دابەش نەكردنی خستبووە ئەستۆی حكوومەتی هەرێم، بە جۆرێك راگەیەنراوەكە ددان دەنێت بەوەی كە لە گۆڕەپانی عێراقییەوە كێشەكانی مووچە ماون، بەڵام دەكرێت بە لێكتێگەیشتن و گفتوگۆ چارەسەر بكرێن. 

جێگەی ئاماژەیە، وەزارەتی دارایی و ئابووریی حكوومەتی فیدراڵ، ئێوارەی ئەمڕۆ راگەیەنراوێكی بڵاو كردەوە بۆ سەرلێشێواندنی رای گشتی و مووچەخۆرانی هەرێم، لە داڕشتنەكەیدا لەبری ئەوەی بڵێت مووچەی 12 مانگی مووچەخۆرانی هەرێمی کوردستانمان ناردووە، بە داڕشتنێكی تر دەڵێ: ئەوەی تەرخان كراوە بۆ مووچەی هەرێم لە خشتەی بودجەدا بۆ فەرمانبەرانی هەرێم نێرداوە، بەپێی ئەوەی لە خشتەی "هــ" لە چوارچێوەی تەرخانكراوی ناو یاسای بودجەدا هاتووە.


وشە - پۆڵا مەحموود