ولیەم بێرنز سەرۆكی CI رای گەیاند، "پوتین لە هەموو كەسێك بەگومانە". ئەو بۆ دۆخی ئێرانیش دەڵێت: پێگەی ستراتیجی ئێران لەم چەند مانگەی دواییدا تەواو لاواز بووە.
ولیەم بێرنز سەرۆكی دەزگای هەواڵگری ناوەندی ئەمەریكا (CIA)، چەند ڕۆژێك بەر لە كۆتاهاتنی ماوەی سەرۆكایەتییەكەی، لە گفتوگۆی لەگەڵ رادیۆیەكی ئەمەریكا لەبارەی چەندان بابەتی جیاواز قسەی كرد، ولیەم دەڵێت: ڤلادیمێر پوتین كەوتووەتە دۆخێكەوە گومانی لە هەموو كەس هەیە.
بێرنزی سەرۆكی سی ئای ئەی كە لە ساڵی 2005 تا 2008 باڵوێزی ئەمەریكا بووە لە ڕووسیا، لەبارەی پوتین گوتی: حەزی لە كۆنترۆڵكردنو ترساندنی خەڵكە.
بێرنز ئاماژەی بەوەش كرد كە پوتین كەوتووەتە دۆخێكەوە گومانی لە خەڵكی دەوروبەری هەیە و تەنانەت لە هەموو كەسێك بەگومانە.
بێرنز باسی گیان لەدەستدانی دامەزرێنەر و سەركردەی ڤاگنەر، "یەڤگینی پریگۆژین"ی كرد كە لە ساڵی 2023 لە رووداوی كەوتنەخوارەوەی فڕۆكەكەیدا گیانی لە دەست دا، گوتی "پریگۆژین دوای یاخیبوونی ڤاگنەر مردووە"، گوتی مردنەكەشی جێی گومانە، چونكە پوتین كەسێكی تۆڵەسێنە و پریگۆژین كاتێك سەركردایەتیی یاخیبوونی كرد لە دژی پوتین، هێڵێكی زۆر گرنگی بەزاند.
ئەم بەرپرسە ئەمەریكییە لەبارەی ئێرانیش گوتی: "پێگەی ستراتیجی ئێران لەم چەند مانگەی دواییدا تەواو لاواز بووە".
سەرۆكی دەزگای "سی ئای ئەی" ئەوەشی گوت، دوو هەوڵی شكستخواردووی بەمەبەستی ئەنجامدانی هێرشی مووشەكی دژ بە ئیسرائیل، هەروەها تێكشكاندنی حزبوڵا لە لبنان، پاشەكشەی حەماس لە غەزە و دواتر ڕووخانی ڕژێمی ئەسەد لە سووریا، هەموو ئەمانە ڕێژیمی ئێران لەڕووی ستراتیجییەوە دەخەنە دۆخێكی زۆر لاوازترەوە.