خزمەتگوزاریی "ئی هەڵسەنگاندن" چۆن كار دەكات؟

:: PM:01:37:13/01/2025 ‌
لەلایەن وەزیری پەروەردەی حكوومەتی هەرێمی كوردستان، خزمەتگوزاری ئی هەڵسەنگاندن خرایە كار و سەرەتا بۆ زیاتر لە 300 قوتابخانەیە، دواتریش سەرجەم قوتابخانەكان دەگرێتەوە.

ئەمڕۆ دووشەم 13ـی كانوونی دووەم، ئالان حەمەسەعید وەزیری پەروەردەی حكوومەتی هەرێمی كوردستان، لە كۆنگرەیەكی رۆژنامەوانیدا خزمەتگوزارییەكی دیجیتاڵی نوێی بۆ كەرتی پەروەردە بەناوی ئی- هەڵسەنگاندن راگەیاند. 

ئەپڵیكەیشنی ئی- هەڵسەنگاندن لە هەردوو سیستمی iOS و Android  بەردەستە، ئەم خزمەتگوزارییە ڕایەڵەی پێوەندیی نێوان قوتابخانە و بەخێوكاری قوتابیان پتەوتر و ئاسانتر دەكات .

 لە وەرزی دووەمی خوێندنەوە لە 396 قوتابخانەی حكوومی بەكار دەهێنرێت، هاوكات قوتابخانەكانی تری حكوومی و ناحكوومیش لە دەرەوەی ژمارەی ئاماژە پێكراو دەتوانن بەكاری بهێنن . 

بۆ یەكەم جار لەسەر ئاستی كەرتی خوێندنی حكوومی ئەم خزمەتگوزارییە لە رێگەی ئەپڵیكەیشنەوە بەردەست دەبێت، بەخێوكارانی قوتابیان دەتوانن لە ڕێگەی ئەو ئەپڵیكەیشنەوە ئاگاداری دۆخی منداڵكانیان بن لە ڕووی : 
١- نمرەكانیان
٢- هەڵسەنگاندنیان لەسەر حەوت ئاست 
٣- خشتەی وانەكانی هەفتانەیان 
٤- ئەركی ماڵەوەیان
٥- تاقیكردنەوەكانیان
٦- ئاگادارییەكان و پەیامی قوتابخانە بۆیان 
٧- ڕێنوێنیی پەروەردەیی. 

بۆ هەموو ناوەندەكانی خوێندن (بۆ مامۆستایان و قوتابیان) یوزەرنەیم و پاسۆرد ئامادە كراوە لە بەشی ڕاپۆرتی قوتابخانە لە ناو سیستمی ئی – پەروەردە، دەتوانن داونلۆدی بكەن و پێشكەشیان بكرێت.



وشە - رامیار جەواد