نێردەی تایبەتی دۆناڵد ترەمپ سەرۆكی هەڵبژێراوی ئەمەریكا، لە ماوەی چەند ڕۆژی داهاتوودا سەردانی عێراق دەكات. پەیامێكی ترەمپ لەبارەی پرسی هەڵوەشاندنەوەی هێزەكانی حەشدی شەعبی دەگەیەنێتە دەست محەمەد شیاع سوودانی سەرۆك وەزیرانی عێراق.
تۆڕی هەواڵی عێراق لەسەر زاری سەرچاوەیەكی سیاسی بڵاوی كردەوە، نێردەی تایبەتیی دۆناڵد ترەمپ سەرۆكی هەڵبژێراوی ئەمەریكا، لە ماوەی چەند ڕۆژی داهاتوودا سەردانی عێراق دەكات.
باس لەوەش كراوە، پێشبینی دەكرێت ئەو نێردەیە بە سەردانێك بگاتە بەغدا كە ڕەنگە نهێنی بێت و بەفەرمی ڕانەگەیەنرێت، بەوپێیەی پەیامی ڕاستەوخۆی ترەمپ لەبارەی ژمارەیەك دۆسیە دەگەیەنێتە دەست سەرۆك وەزیرانی عێراق، دیارترینیان داواكاریی هەڵوەشاندنەوەی میلیشیاكانی سەربە حەشدی شەعبییە.
سەرچاوەكە ئاماژەی بۆ ئەوە كردووە، نێردراوەكە باس لە وردەكاریی سەردانەكانی ئەمدواییەی سوودانیش دەكات، جگە لە خستنەڕووی دیدگەی ئیدارەی ترەمپ لەبارەی گۆڕانكارییەكانی ئەمدواییەی ناوچەكە.
پێشتر بەرپرسانی عێراق رایان گەیاند، سەرۆك وەزیرانی عێراق پەیامێكی لە ڕێگەی نێردەی تایبەتیی ترەمپ و لە سەردانێكی ڕانەگەیەنراودا بەدەست گەیشتبوو، تێیدا چەند تەوەرێكی سەرەكیی ئاماژەیان پێ كرابوو، لەوانە كۆكردنەوەی چەك لە دەستی دەوڵەت و ڕاگرتنی چالاكییەكانی میلیشیا چەكدارییەكانی سەربە ئێران، دەستێوەرنەدانی عێراق لە كاروباری سووریا و هاوكاریكردنی هەوڵەكانی پێكهێنانی حكوومەتی نوێی سووریا.