توێژەرانی بواری تەندروستی لە چین باس لەوە دەكەن، بۆ ئەوانەی هەست بە لاوازیی سێكس دەكەن و كەمتر دەتوانن كردەكە ئەنجام بدەن، لەبری ئەوەی پشت بە حەبی "ڤیاگرا" ببەستن، باشترین چارەسەر بۆ كێشەكەیان خواردنەوەی ئاوی ترێی سوورە كە جێگەی ڤیاگرا دەگرێتەوە.
پێگەی "ئیلاف" ئەمڕۆ سێشەم 14ی كانوونی دووەم، هەواڵێكی لەوبارەیەوە بڵاو كردووەتەوە كە پشتی بە زانیارییەكانی توێژەران لە نەخۆشخانەی زانكۆی تیانجینی پزیشكیی گشتی لە باكوری چین بەستووە. ئەوان لەبارەی كێشەی لاوازبوونی كردەی سێكس لەلای پیاوان دەڵێن، باشترین چارەسەر بۆ ئەو كێشەیە، دووركەوتنەوەیە لە حەبی ڤیاگرا و بایەخ بە خواردنەوەی ئاوی ترێی سوور بدرێت. ئەوان ئاوی ترێی سوور بە "ڤیاگرای سروشتی" ناو دەبەن.
لە هەواڵەكە باس لەوە دەكرێ، تەنیا لە ئەمەریكادا زیاتر لە 30 ملیۆن كەس هەن كە كێشەی لاوازیی سێكسیان هەیە. پسپۆرانی بواری تەندروستی پێیان وایە ئەگەری زۆرە ئەو كێشەیە پێوەند بە كێشەی دەروونی بێت، یان ماندووبوونی زۆر و كێشەی جەستەیی وەك نەخۆشییەكانی شەكرە و مێشك، یاخۆ بەكارهێنانی مادەی هۆشبەر، چونكە ئەگەری زۆرە ئەوانە كاریگەرییان لەسەر كەمبوونەوەی توانای سێكس هەبێت.
باس لەوە دەكەن كە زۆربەی پیاوان كاتێك هەست بەو كێشەیە و كەمبوونەوەی توانای سێكس دەكەن، پشت بە بەركاهێنانی حەبی "ڤیاگرا" دەبەستن تا تواناكانیان بۆ ئەو كردەیە بەرزتر بكەنەوە، بەڵام زۆرجاریش ڤیاگرا كاردانەوەی نەرێنیی لەسەر تەندروستی دەبێت، بۆیە باشترین چارەسەر بۆ نەمانی ئەو كێشەیە، پشتبەستنە بە چارەسەری سروشتی.
توێژەران لە چین پێیان وایە باشترین چارەسەر بۆ بەرزبوونەوەی توانای كردەی سێكس لەلای پیاوان، خواردنەوەی ئاوی ترێی سوورە كە بۆ دڵ و دەمارەكان زۆر بەسوودە. ئەوان دەڵێن ئەو پیاوانەی لە هەفتەیەدا بەلای كەمەوە پێنج پەرداخ ئاوی ترێی سوور دەخۆنەوە، هەرگیز هەست بە كێشەی لاوازبوونی سێكس ناكەن، بۆ ئەوەیش بە رێژەی 76% تواناكانیان بەرزتر دەبێتەوە بەراورد بەوانەی ئاوی ترێی سوور ناخۆنەوە.
تیمێك لەو زانكۆیەی چین لە راپۆرتێكیاندا ئاماژە بەوە دەدەن، ئاوی ترێی سوور زۆر مادەی فینۆلی تەندروست لەخۆ دەگرێت بەراورد بە ترێی سپی، چونكە ترێی سوور مادەی كیمیایی رووەكی زۆر لەخۆ دەگرێت كە پێی دەگوترێ "فینۆلات"، ئەو مادانە پارێزگاری لە تەندروستیی دەمارەكان دەكەن لە تەسكبوونەوە، تا خوێن ئاسانتر بەناو دەمارەكان بۆ میزڵدان و چووك هاتوچۆ بكات.
دواتریش ئامۆژگاری دەكەن كە پیاوان بەتایبەتی ئەوانەی تەمەنیان 40 ساڵی تێپەڕ كردووە، باشترین چارەسەر بۆ توانای سێكس ئەوەیە لە هەفتەیەكدا بەلای كەمەوە ئاوی ترێی سوور بخۆنەوە، دواتریش ئەنجامە بە سوودەكەی دەبینن.