حەماس سنوارێكی تری هەیە

:: AM:11:16:14/01/2025 ‌
حەماس لە پایزی ساڵی ڕابردوودا گورزێكی توندی بەركەوت كاتێك ئیسرائیل یەحیا سنواری كوشت، سەركردە و ستراتیجیستەكەی گرووپەكە لە پشت هێرشەكانی حەوتی ئۆكتۆبەرەوە بوو.

بەڵام ئێستە ئەو گرووپە تیرۆریستییەی ئەمەریكا دەستنیشانی كردووە، سنوارێكی ترە كە ئەویش محەمەد برا بچووكەكەی یەحیایە و ئەو كار دەكات بۆ بنیاتنانی ئەو گرووپە چەكدارە.

ئەمیر ئەڤیڤی فەریقێكی خانەنشینكراوی ئیسرائیلە و ئاماژەی بەوە دا، "محەمەد سنوار هەموو شتێك بەڕێوە دەبات."

محەمەد سنوار لە ناوەندی هەوڵەكانی بووژانەوەی حەماسدایە. كاتێك سەربازانی ئیسرائیل لە مانگی ئۆكتۆبەردا براكەیان كوشت، بەرپرسانی بزووتنەوەكە كە بنكەكەیان لە دۆحەی پایتەختی قەتەرە، بڕیاریان دا ئەنجوومەنی سەركردایەتی بەكۆمەڵ پێكبهێنن، نەك سەرۆكێكی نوێ دەستنیشان بكەن.

بەپێی ناوەندگرانی عەرەب كە بەشدارن لە دانوستانەكانی ئاگربەست لەگەڵ ئیسرائیل، دەڵێن چەكدارانی حەماس لە غەزە لەگەڵ ئەوەدا نین و ئێستە بەشێوەیەكی سەربەخۆ لە ژێر دەستی سنواری گەنجتردا كار دەكەن، پێدەچێت محەمەد سنوار نزیكەی ٥٠ ساڵ بێت و لە مێژە بەكەسی نزیكی برا گەورەكەی دادەنرا كە زیاتر لە ١٠ ساڵ لە خۆی گەورەتر بوو. وەك یەحیا سنوار لە تەمەنێكی بچووكدا پێوەندیی بە حەماسەوە كردووە و بەكەسی هەرە نزیك لە سەرۆكی باڵی چەكداری بزووتنەوەكە محەمەد دیف دادەنرێت.

بە پێچەوانەی براكەیەوە كە زیاتر لە دوو دەیە لە گرتووخانەیەكی ئیسرائیلدا بووە، محەمەد كاتێكی بەرچاوی لە گرتووخانەی ئیسرائیل بەسەر نەبردووە و كەمتر لەلایەن دامەزراوە تەناهییەكانی ئیسرائیلەوە ناسراوە. بە گوتەی بەرپرسانی عەرەب، تا ئاستێكی زۆر لە پشت پەردەوە ئۆپراسیۆنی كردووە، لەبەر ئەمەش نازناوی "سێبەر"ی بۆ دانراوە.

بەرپرسێكی باڵای ئیسرائیل لە فەرماندەیی باشوور كە شەڕەكە لە غەزە بەڕێوە دەبات گوتی: ئێمە زۆر كار دەكەین بۆ دۆزینەوەی. بەپێی گوتەی بەرپرسانی ئیسرائیل، محەمەد سنوار یەكێك بووە لەو كەسانەی بەرپرسیار بووە لە ڕفاندنی سەربازێكی ئیسرائیلی لە ساڵی ٢٠٠٦، كە دواجار بووە هۆی ئازادكردنی براكەی لە ئاڵوگۆڕی دیلەكاندا دوای پێنج ساڵ.

بەپێی ئەو شرۆڤەكارە سیاسییانەی كە لێكۆڵینەوە لەوبارەیەوە دەكەن، بەهۆی كوژرانی یەحیا سنوار و دیف و جێگری دیف، ئێستە محەمەد سنوار باڵاترین فەرماندەی حەماسە لە غەزە، لەگەڵ عزەدین حەداد سەرۆكی سەربازی لە باكوری غەزە.

پێش شەڕەكە، ئیسرائیل پێی وابوو حەماس تا ٣٠ هەزار چەكداری هەیە و لە ٢٤ كەتیبەدا ڕێكخراون كە بە شێوەیەك لە سوپای دەوڵەتی دەچێت. ئێستە سوپای ئیسرائیل دەڵێت ئەو پێكهاتە ڕێكخراوەیان تێكشكاندووە و نزیكەی ١٧ هەزار چەكداریان كوشتووە، هەزاران چەكداری تریشیان دەستبەسەر كردووە.

سوپای ئیسرائیل دەڵێت، حەماس لە چەند مانگی ڕابردوودا سەتان ئەندامی نوێیان دروست كردووە و وەرگرتنی سەربازی لە سەرانسەری غەزە ڕووی داوە، بە گرنگیدانی زیاتر لە باكور. بەڵام كاربەدەستانی عەرەبی دەڵێن لەلایەن ئیسرائیلەوە پێیان گوتراوە كە لەوانەیە ژمارەكە هەزاران كەس بێت.

شەڕكەرە نوێیەكان لە كاتێكدا كە كەم ئەزموونن، پشت بە هێرشی خێرا و راكردن دەبەستن. ئەمانە دەمانچە و چەكی دژەتانك بەكار دەهێنن كە پێویستیان بە مەشقی سەربازیی كەم هەیە. ئەو ڤیدیۆیانەی كە لەلایەن باڵی چەكداری حەماسەوە بەشێوەی ئۆنلاین بڵاو كراونەتەوە، پێشان دەدەن كە چۆن ئێستە لە باكوری غەزە شەڕ دەكەن. 

وۆڵ ستریت جورناڵ
وەرگێڕانی "وشە"



وشە - وشه‌