پەرلەمانتارێك: بەمنزیكانە دەنگ لەسەر هەمواری یاسای بودجە دەدرێت

:: PM:05:50:14/01/2025 ‌

دوای ئەوەی دوێنێ دووشەم پەرلەمانی عێراق دووەم خوێندنەوەی بۆ پڕۆژەیاسای یەكەم هەمواری یاسای بودجەی گشتیی عێراق ژمارەی 13ی ساڵی 2023 بۆ ساڵانی دارایی 2023 و 2024 و 2025 تەواو كرد، پەرلەمانتارێكی شیعە ئاشكرای كرد كە بەمنزیكانە پڕۆژەكە دەخرێتە دەنگدانەوە. 

موختار مووسەوی، پەرلەمانتاری چوارچێوەی هاوئاهەنگی رای گەیاند، كۆدەنگی و رێككەوتن لە پەرلەمان لەسەر پەلەكردن بە دەنگدان لەسەر یەكەم هەمواری یاسای بودجە هەیە و ئەو بابەتە لە دانیشتنە نزیكەكانی پەرلەمان تەواو دەكرێت، بەتایبەتی هێزەكانی چوارچێوەی هاوئاهەنگی لە كۆبوونەوەی دواییان لەسەر ئەوە رێك كەوتوون.

روونی كردەوە، ئەو هەموارە بەشێك لە ناكۆكییە دارایی و نەوتییەكانی نێوان بەغدا و هەولێر چارەسەر دەكات، جیا لەوەی دەبێتە هۆی خێراكردنی رەوانەكردنی خشتە داراییەكانی بودجەی 2025 لە حكوومەتەوە بۆ پەرلەمان، بۆیەش گرنگیدانێكی پەرلەمانی بە تەواوكردنی هەموارەكە هەیە و كۆبوونەوەكانش بۆ یەكلاكردنی خاڵە ناكۆكەكان بەردەوامە. 



وشە - مه‌حموود ئیسماعیل