ئیدارەكانی ئەمەریكا یەكێكیان كارەكانی ئەویتر تەواو دەكات، ماوەیەك بوو باسی گۆڕانكاریی گەورە لە رۆژهەڵاتی ناوەڕاست دەكرا، هێرشەكەی حەماس لە 2023 بووە سەرەتای گۆڕانكارییەكان و بەرەو لبنان و سووریا پەلی هاوێشت، ئیدارەی جۆ بایدن توانی لە دوای سەرقاڵكردنی رووسیا بە ئۆكراینا، سووریای لەدەست دەربێنێت و لبنانیش رێك بخاتەوە، دەستی ئێرانیش لە هەردوو وڵات دوو بخاتەوە، ئێستەش خەریكە كۆتایی بە شەڕی غەزە دێت، وەزیری دەرەوەی ئەمەریكا دەڵێت، هاوسەنگیی هێز لە رۆژهەڵاتی ناوەڕاست گۆڕا.
ئەنتۆنی بلینكن وەزیری دەرەوەی ئەمەریكا ئاماژە دەكات، هێزەكانی حزبوڵای لبنان بەرەو باكوری رووباری لیتانی پاشەكشەیان كردووە، ئێرانیش توانای رەوانەكردنی چەكی بۆ ئەوان لەدەست داوە، توانای سەربازی و فەرمانڕەواییكردنی حەماس لە كەرتی غەزە سنووردار و لاواز بووە و توانای ئێرانیش لە ناوچەكە لاواز بووە.
روونی كردەوە، رژێمی بەشار ئەسەد لە سووریا رووخا، بەوەش هاوسەنگیی هێز لە رۆژهەڵاتی ناوەڕاست زۆر گۆڕا، دۆخەكە لەوێ هێشتا مەترسیدارە، بەڵام دەتوانین دۆخێكی نوێ لە ناوچەكە دروست بكەین كە هەمووان لە سایەیدا بە سەقامگیری و ئاشتییانە بژین، چونكە ناكۆكی لە ناوچەكە كار لە هێز و بنكە سەربازییەكانمان دەكات و گرووپە تیرۆریستییەكان هەوڵی سوودبینین لە دۆخەكە دەدەن.
بلینكن دووپاتی كردەوە، ئامانجی ئێمە رێگرتن بوو لە فرەوانبوونی بازنەی شەڕ و ململانێكان لە رۆژهەڵاتی ناوەڕاست و رێگرتن لە حزبوڵا لە دروستكردنی مەترسی لەسەر ئیسرائیل، كەرتی غەزە لەژێر فەرمانڕەوایەتیی حەماس نەبێتە هەڕەشەیەكی بەردەوام بۆ ئیسرائیل و وەستانی شەڕ لە غەزە، ئێستەش هەوڵی وەستانی شەڕەكە بەشێوەیەك دەدەین كە ئاشتییەكی بەردەوام دروست ببێت و خواستە رەواكانی هەریەك لە ئیسرائیل و دەوڵەتی فەلەستین بێتە دی.
بلینكن ئاماژەی كرد، دوای ئەوەی دركمان بەوە كرد ئامانجی ئیسرائیل لە لاوازكردنی تواناكانی حەماس هاتە دی، سەرۆك بایدن كاری بۆ ئاگربەست كرد و گەیشتین بە رێككەوتنی كۆتایی و ئێستەش دۆخەكە وەستاوەتە سەر حەماس، پلانمان بۆ دوای ئاگربەست لە غەزە هەیە، دەستەیەك فەرمانڕەوایەتیی غەزە دەكات و دواتر رادەستی دەسەڵاتی فەلەستینی دەكرێت، دەبێت مسۆگەریی ئەوە بكەین حەماس فەرمانڕەوایەتیی غەزە ناكات و نابێت رێككەوتنی نوێ كار لە ئاسایشی ئیسرائیل و پێگەكەی بكات.