وێڕای ئەوەی بەهۆی جەنگی غەزە و لبنان و رووخانی رژێمی سووریا، وایكردووە رۆڵی سیاسی و سەربازیی ئێران لە رۆژهەڵاتی ناوەڕاست لاواز بێت و تا ئاستێك ئیسرائیل و ئەمەریكا لە پەڕوباڵیان كردووە، بەڵام پەیمانگەیەكی ئەمەریكی لە راپۆرتێكدا ئاماژە دەدات، لاوازبوونی ئێران، تا ئێستە مەترسییەكانی لە ناوچەكە كەم نەكردووەتەوە، بۆ ئەوەیش چەندان نموونە دێنێتەوە.
پێگەی "شەفەق نیوز" ئەمڕۆ چوارشەم 15ی كانوونی دووەم، پشتی بە راپۆرتەكەی پەیمانگەی "ستیمسۆن" بەستووە كە دوێنێ بڵاوی كردووەتەوە. ئەو پەیمانگەیە دەڵێت تا ئێستەیش میحوەری مقاوەمە كە ئێران بەڕێوەی دەبات، لەگەڵ ئەوەی تا ئاستێك بەهۆی رووخانی رژێمی سووریا و جەنگی غەزە و حزبوڵای لبنان لاواز بووە، بەڵام تا ئێستەیش مەترسییەكانی لە ناوچەكە ماون و ئەگەر ئێران جڵەوگیر نەكرێت، كار بۆ ئەوە دەكات دووبارە مقاوەمەكە بەهێز بكاتەوە.
ئەو پەیمانگەیە زیاتر روونی كردەوە كە هەڵە ئەوەیە ئەگەر ئەمەریكا هێزەكانی لە عێراق بكێشێتەوە، چونكە لەوكاتەدا دەرفەت بۆ ئێران دێتە پێشەوە لە رێگەی حەشدی شەعبی كە دروستكراوی خۆین، دیسان پەل بۆ سووریا و لبنان و فەلەستین ببات و ئەو زیانە قەرەبوو بكاتەوە كە لە رووخانی سووریا كردوویەتی.
ئەوەش دەڵێ كە راستە ئێران كاتێك چووەتە ناو ساڵی 2025، بە تۆڕێكی زیانبەرەوە چووەتە ناو ئەمساڵەوە، ئەویش هاوپەیمانە نێودەوڵەتی و نانێودەوڵەتییەكانی لە دەست داوە، ئەو هاوپەیمانییەی ماوەی نیو سەدە دروستی كردبوو، ئەویش لە لبنانەوە تا یەمەن دەڕوات و هاوپەیمانییەكانی لە هێزەكانی عێراق و تا غەزە دەكشێت، بۆیە ئێستە بیر لەوە دەكاتەوە دەرفەت ببینێ دووبارە بەهێزیان بكاتەوە
پەیمانگەكە باس لەوە دەكات كە ئامانجی ئێران لەو تۆڕەی دروستی كردووە، تەنیا دەرخستنی هەژموونی خۆی نییە بەسەر ئەو وڵاتانە، بەڵكو بۆ دوژمنداریی ئیسرائیل و ئەمەریكایە، بەڵام ئەوەی لە حەوتی تشرینی یەكەمی 2023 رووی دا و حەماس هێرشی كردە سەر ئیسرائیل و بەدوایدا جەنگی غەزەی لێ بەرپا بوو، كارەساتی لە ناوچەكە دروست كرد و تەواوی هەیكەلی ئەو هاوپەیمانییەی ئێرانی تووشی كارەسات كرد و سەركردەكانیشی لەناو برد. بۆیە ئێستە وێڕای لاوازییەكەی، ئێران بیر لە دووبارە بەهێزكردنەوەی ئەو تۆڕەی دەكاتەوە.
پەیمانگەكە ئاماژەی بەوە داوە كە رژێمی رووخاوی سووریا، كۆنترین ئەندامی ناو تۆڕەكەی ئێران بووە كە بە "میحوەری مقاوەمە" ناو دەبرێت، ئەو وڵاتە پێگەی ستراتیجیی هەرێمیی هەبووە بۆ ئێران كە لە دوای رووخانی بەشار ئەسەد، ئێران ملیاران دۆلاری لە دەست دا كە لەو وڵاتە وەبەرهێنانی پێ دەكرد، هاوكات بە رووخانی رژێمەكە ئەو دروازەیەی لە دەست دا كە لێوە دەچووە دنیای عەرەبی، هەر لەوێشەوە پاڵپشتیی حزبوڵای لبنان دەكرد كە بەهێزترین لایەنی ئەو مقاوەمەیە بوو.
دووپاتی كردووەتەوە كە رووخانی رژێمی سووریا زیانێكی گەورەی لە ئێران دا و مقاوەمەكەی تا ئاستێكی زۆر لاواز كرد، چونكە ئێران بەبێ سووریا، رێگەی وشكانیی بۆ نامێنێت تا وەك بازنەی پێوەندی بۆ لایەنەكانی تر بەكاری بێنێت، بۆیە بە رووخانی ئەو رژێمە، میحوەری مقاوەمە رووبەڕووی ئاڵنگاریی لۆجیستی و ستراتیجی بووەتەوە و چالاكییەكانی لاواز كراون. دواتریش رووخانی بەشار ئەسەد بووەتە هەڕەشەیەكی رژد بۆ دۆخی حزبوڵای لبنان. چونكە ئێستە لایەنێكی سوننی دەستیان بەسەر سووریادا گرتووە و چاوەڕێ دەكرێ لە داهاتوودا كێشە بۆ حزبوڵای لبنان دروست بكات.
راپۆرتەكە ئاماژەی داوە كە حزبوڵای لبنان لە جەنگی بەرانبەر بە ئیسرائیل زیانی كارەساتباری كردووە و زۆربەی سەركردەكانی لەناو براون و هێزەكەیش زۆر لاواز بووە، بۆیە دووبارە هەستانەوەی حزبوڵا بۆ ئێران لە كارە سەرەكییەكانیەتی، بەڵام تا ئێستە نازانرێ ئێران چۆن ئەو كارە دەكات لە كاتێكدا بەبێ سووریا، ئەستەمیی دێتە پێش وەك نەمانی رێگەی وشكانی.
پەیمانگە ئەمەریكییەكە ئەوەش دەڵێ كە وێڕای ئەوەی باڵەكانی ئێران تووشی لێدانی زۆر توند بوون، بەڵام میحوەری مقاوەمە تا ئێستە پارێزگاری لە هێزەكانی كردووە، بەتایبەتی ئەو میلیشیایانەی حەشدی شەعبی لە عێراق كە سەربە ئێرانن، تا ئێستە هەژموونی زۆریان لەو وڵاتەدا هەیە و لە جووڵەدان. راستە تا ئێستە حەشدی شەعبی نەیتوانیوە هەڕەشەكانی بۆ تەحریر شام لە سووریا جێبەجێ بكات، بەڵام ئەوەیش دەزانرێ كە ئەو میلیشایانە زۆر بە رژدی كار لەسەر بەرژەوەندییەكانی ئێران دەكەن لە هەردوو رووی سیاسی و سەربازی.
بۆیە پەیمانگەی "ستیمسۆن" دواتریش دووپات دەكاتەوە كە ئەگەر ئەمەریكا بیر لەوە بكاتەوە هێزەكانی لە عێراق بكشێنێتەوە، ئەوكات ئێران ئەوە بە دەرفەت دەبینێ و دەتوانێ لەو رێگەیەوە دووبارە میحوەری مقاوەمە بەهێز بكاتەوە.
مقاوەمەی ئیسلامیی لە عێراق كە لە چەند گرووپێكی میلیشیایی شیعەی سەربە ئێران پێكهاتوون، لەوەتەی جەنگی غەزە دەستی پێ كردووە، بەناوی پاڵپشتیكردن لە گەلی فەلەستین و بزووتنەوەی حەماس، بە مووشەك و درۆن هێرش دەكەنە سەر ئیسرائیل و بەرژەوەندییەكانی ئەمەریكا دەكەنە ئامانجی هێرشەكانیان، هاوكات جیا لە پاڵپشتی لە كەرتی غەزە، پاڵپشتی لە حزبوڵای لبنانیش دەكەن كە هێرشی ئیسرائیلیان لەسەرە. بەرانبەر بەوەیش چەند جارێك ئەمەریكا هێرشی كردووەتە سەریان و زیانی پێ گەیاندوون، بەڵام تا ئێستە مقاوەمە لە هێرشەكانی بەردەوامە.
كێشەی سووریا لە ساڵی 2011ەوە دەستی پێ كرد كە خۆپێشاندانە جەماوەرییەكە لەو وڵاتە دەستی پێ كرد و مەبەستی ئۆپۆزسیۆنیش رووخانی رژێمەكەی بەشار ئەسەد بوو. دواتریش رووسیا و ئێران بە روونی هاتنە سەر خەت و پاڵپشتیی رژێمەكەیان كرد و لە رووخان رزگاریان كرد، بەهۆیەوە سەتان هەزار كەس كوژران و میلۆنانی تریش ئاوارە بوون و وڵاتەكەیان جێهێشت. ئێستەیش ئۆپۆزسیۆن بە پاڵپشتی توركیا ئەو وڵاتەی كۆنترۆڵ كردووە.
چەكدارانی دەستەی تەحریری شام و گرووپە هاوپەیمانەكانی كە لەلایەن توركیاوە پاڵپشتی دەكرێن، لە 26ی تشرینی دووەمەوە دەستیان بە هێرشێكی بەرفراوان كرد بۆ سەر ناوچەكانی ژێر كۆنترۆڵی حكوومەتی بەشار ئەسەد، دواتریش بگەنە دیمەشق و لە بەرەبەیانیی زووی هەشتی كانوونی یەكەمی 2024 رژێمەكەیان رووخاند، بەشار ئەسەد و خێزانەكەی سووریایان بەرەو رووسیا جێهێشت و هەڵاتن.
لە حەوتی تشرینی یەكەمی 2023 بە دەستپێشخەریی حەماس، جەنگی غەزە دەستی پێ كرد و لە رۆژی یەكەمی جەنگدا سەرووی هەزار و 200 ئیسرائیلی گیانیان لە دەست دا و سەرووی 200 كەسی تر بە بارمتە گیران. ئەو رووداوە بە رووداوێكی كارەساتبار بۆ جووەكان لەوەتەی رووداوی هۆڵۆكۆستەوە هەژمار كرا، بۆیە پەرچەكرداری توندی لێ كەوتەوە.
لەو كاتەوە سوپای ئیسرائیل لە ئاسمان و زەوییەوە غەزە بۆردمان دەكات كە بەهۆیەوە شارەكە بە تەواوی وێران بووە و دانیشتووانی شارەكە جگە لەوەی كە دەیان هەزاریان لێ كوژراوە، لە ژیانێكی زۆر سەختدا دەژین. دواین ئاماری وەزارەتی تەندروستیی فەلەستینیش، باس لە كوژرانی نزیكەی 43 هەزار فەلەستینی دەكات و زیاتر لە 100 هەزار كەسیش بریندار بوون.
لەلایەكی ترەوە بەپێی دوای ئاماری ئیسرائیل نزیكەی هەزار و 500 كەس كوژراون. زۆربەی قوربانییەكانی ئیسرائیل پێوەندی بە یەكەم رۆژی هێرشەكەی حەماس هەیە كە بەهۆیەوە هەزار و 200 كەس كوژران و زۆربەیان خەڵكی سڤیل بوون، لەگەڵ ئەمەدا زیاتر لە 200 ئیسرائیلی لەلایەن حەماسەوە بە بارمتە گیران و لەو كاتەوە تەنیا 81 بارمتەیان ئازاد كراون.
لە 25ی مانگی ئەیلوول، ئیسرائیل هێرشی زۆر توندی كردووەتە سەر لبنان و تا ئێستەیش بەردەوامە. ئەو هێرشانە بوونەتە هۆی كوژرانی زیاتر هەزار و 200 كەس و برینداربوونی زیاتر لە چوار هەزار كەسی تر، جیا لە ئاوارەبوونی زیاتر لە ملیۆنێك و 500 هەزار كەسی لبنانی بەتایبەتی لە باشووری وڵاتەكە.
شەوی 27ی ئەیلوول، حەسەن نەسروڵا ئەمینداری گشتیی حزبوڵای لبنان لە بارەگای سەركردایەتییەكەیدا لە بەیرووت، كەوتە بەر هێرشی ئاسمانیی ئیسرائیلەوە و خۆی و ژمارەیەك سەركردەی حزبەكەی كوژران. دوای كوژرانی نەسروڵا، ئێران هەڕەشەی تۆڵەكردنەوەی كرد، ئەوەبوو لە یەكی تشرینی یەكەم بە سەتان مووشەكی بالیستیكی هێرشی كردە سەر ئیسرائیل، بەڵام وەك ئیسرائیل دەڵێ شكستی هێنا، لەگەڵیدا بڕیاری دا وەڵامی ئەو هێرشەی ئێران بداتەوە.
حزبوڵای لبنان كە لەلایەن ئێرانەوە پاڵپشتی دەكرێت، لەوەتەی جەنگی غەزە لە نێوان ئیسرائیل و حەماس دەستی پێ كردووە، وەك پاڵپشتی بۆ غەزە و دانیشتووانی، رۆژانە لە سنوورەكانی خۆی هێرش دەكاتە سەر ئیسرائیل، ئیسرائیلیش وەڵامی دەداتەوە و بەردەوامیش هێرشی دەكاتەسەر، بۆیە توانیویەتی ژمارەیەكی زۆری چەكدارەكانی حزبوڵا و سەركردەكانی بكوژێت.
لە مانگی نۆڤێمبەری 2024وە حووسییەكانی یەمەن كە سەربە ئێرانن، بە بیانووی پاڵپشتی لە بزووتنەوەی حەماس فەلەستینی كە لەگەڵ ئیسرائیل لە جەنگدایە، هەروەها فراوانبوونی شەڕەكە بۆ سەر لبنان و باشوورەكەی كە حزبوڵای لبنان كۆنترۆڵی كردووە، بە درۆن و مووشەك هێرش دەكەنە سەر كەشتییە بازرگانییەكانی دەریای سوور، هاوكات هێرشەكانیان بۆ سەر ئیسرائیل چڕتر كردووەتەوە، دواتریش ئیسرائیل و ئەمەریكا و بەریتانیا لە چەندان هێرشیان بۆ سەر حووسییەكان، زیانی زۆریان پێ گەیاندوون، وێڕای ئەوەی تا ئێستەیش حووسییەكان لە هێرشەكانیان بەردەوامن.