بە چاودێریی سەرۆك بارزانی، ئامادەكارییەكانی 17مین پێشانگەی نێودەڵەتیی هەولێر بۆ كتێب دەستی پێ كردووە، دەزگای مەداش رای گەیاند، دەزگاكانی چاپ و بڵاوكردنەوە لە ئێستەوە خۆیان تۆمار بكەن.
ئەیهاب قەیسی بەڕێوەبەری پێشانگەی نێودەوڵەتیی هەولێر بۆ كتێب رای گەیاند، ئامادەكارییەكان دەستیان پێ كردووە، ئەمساڵ پێشانگەیەكی باشتر لە ساڵانی پێشوو بەڕێوە دەبەین.
سەرپەرشتیاری پێشانگەكە، ئاگاداری سەرجەم دەزگا ناوخۆیی و دەرەكییەكان دەكاتەوە كە لە ئێستەوە خۆیان تۆمار بكەن، "پێشبێنی دەكەین بۆ ڕێژەی بەشداریكردنی دەزگاكان لە ساڵانی پێشوو زۆر زیاتر بێت".
بڕیارە ئەمساڵ لە نۆی نیسانی 2025، پێشانگەی نێودەوڵەتیی كتێب بەچاودێریی سەرۆك بارزانی بكرێتەوە بۆ ماوەی 10 رۆژ بەردەوام بێت.
پێشانگەی نێودەوڵەتیی هەولێر 17 ساڵە بێ پچڕان بەردەوامە و لە ئاستی ناوچەكەدا یەكێكە لە پێشانگە گەورەكانی كتێب. لەو 10 رۆژەدا زۆرترین كتێب دەچنە ناو ماڵەكانەوە و بە كەرنەڤاڵی كتێب ناوبانگی پەیدا كردووە.