لە دوای رووخانی رژێمی بەشار ئەسەد لە سووریا، دۆخی ئەو وڵاتە بە تەواوەتی گۆڕاوە و خواستێكی نێودەوڵەتی و ناوچەیی بۆ چارەسەركردنی تەواوی كێشەكانی ئەو وڵاتەو ئاساییكردنەوەی لە دوای شەڕێكی چەند ساڵە هەیە، بەهۆی رووداوەكانی پێشووی ئەو وڵاتەوە كورد لە سووریا تووشی دۆخێك لە پەرتەوازەیی بووبوون، ئێستەش كە باسی سووریای نوێ دەكرێت، سەرۆك بارزانی وەك رابەر و مەرجەعێكی كورد هەوڵەكانی بۆ یەكخستنی كورد لە سووریا و چەسپاندنی مافەكانیان لە دەستووری ئەو وڵاتە خستووەتە گەڕ.
لە راپۆرتێكی رۆژنامەی
"عەرەب"ی لەندەنیدا هاتووە، ئێستە هەسەدە، كە ساڵانێكە پێوەندییەكی بەهێزی لەگەڵ یەكێتیی نیشتمانیی كوردستان هەبوو، خەریكە پێداچوونەوە بەو پێوەندییەی دەكاتەوە، ئەوەش لە سایەی ئەو پەرەسەندنەی لە سووریا رووی داوە و وای كردووە یەكێتی نەتەوانێت شتێك بۆ كوردی سووریا بكات، بە بەراورد بە پارتی دیموكراتی كوردستان، كە سەركردەكانی لە رێگەی پێوەندییەكانیانەوە دەتوانن ئەوان لە مەترسیی هەڵگیرسانی ململانێیەكی وێرانكەری چاوەڕوانكراو بپارێزن.
ئێستە پارتی دیموكراتی كوردستان بە رابەرایەتیی سەرۆك بارزانی مەرجەعی كورد، خەریكی جموجۆڵێكی سیاسییە بە مەبەستی پێشگرتنەوە لە رووبەڕووبوونەوەی پەرەسەندووی نێوان كوردی سووریا و هاوپەیمانەكانی توركیا، كە بەم دواییە دەسەڵاتیان لە سووریا گرتووەتە دەست، لە سایەی سووربوونی توركیا لە رووبەڕووبوونەوەی هەسەدە، كە ئەنقەرە بە پاشكۆی پەكەكەی دادەنێت.
ئەو هەوڵانە بە پرۆسەیەك بۆپێوانەكردن و تاقیكردنەوەی نیازی لایەنە جیاوازە كوردیییەكانی سووریا دەستی كردووە، بە رەوانەكردنی حەمید دەربەندی نوێنەری سەرۆك بارزانی بۆ باكوری رۆژهەڵاتی سووریا و كۆبوونەوەی بەجیای لەگەڵ هەسەدە و ئەنەكەسە.
ئەو پێوەندییەی هەسەدە لەگەڵ سەركردەكانی پارتی ئاماژەیەكە بۆ كودەتای ئەو هێزە بە ئاراستەی زیادبوونی متمانەی كوردانی سووریا بە پارتی و توانای بۆ پاراستنیان لە مەترسیی هەڵگیرسانی ململانێیەكی چەكداری لەگەڵ دەسەڵاتی نوێی سووریا و توركیا، ئەوەش لەسەر حسێبی پێوەندییەكانی لەگەڵ یەكێتی، كە زۆری بۆ ئەوان پێ نییە، ئەوەش بەهۆی لاوازیی هەڵوێستی كە بە دۆستێكی بەرەی ئێران لە عێراق و ناوچەكە دادەنرێت و ئەو بەرە تووشی دۆڕان و پاشەكشە هات لە دوای شكانی حزبوڵای لبنان و رووخانی رژێمی بەشار ئەسەد لە سووریا.
لە ماوەی دواییدا میدیاكانی عێراق بڵاویان كردەوە كە سەركردایەتیی پارتی دەستی بە میانگیری لە نێوان كوردی سووریا و دەسەڵاتی نوێی دیمەشق بە سەركردایەتیی ئەحمەد شەرع كردووە، سەرچاوەیەك ئاشكرای كرد كە ئەو هەوڵانەی سەرۆك بارزانی دەستی پێ كردووە بۆ دروستبوونی گفتوگۆیە لە نێوان هەردوولا، پێشبینیی ئەوەشی كرد لەو چوارچێوەیەدا سەركردە باڵاكانی هەرێمی كوردستان سەردانی باكوری رۆژهەڵاتی سووریا بكەن.
سەرچاوەیەكی تر پێشبینی ئەوەی كرد مەزلووم عەبدی فەرماندەی گشتیی هەسەدە سەردانی هەولێری پایەتەختی هەرێمی كوردستان بكات، بۆ كۆبوونەوە لەگەڵ ئەنجوومەنی نیشتمانیی كوردی لە سووریا، ئەوەش بە میانگیریی پارتی دیموكراتی كوردستان بۆ لێكنزیككردنەوەی هەردوولا و پێكهێنانی شاندێكی هاوبەشی دانوستانكار لەگەڵ دیمەشق.
بۆیە رەنگە ئەو میانگیرییە ببێتە پاڵپشتی و هاندەر بۆ دروستبوونی پێوەندی لە نێوان سەركردایەتیی نوێی سووریا و هەسەدە، كە وەك رامی عەدولرەحمان بەڕێوەبەری روانگەی مافی مرۆڤی سووری ئاماژەی بۆ كردووە، كۆبوونەوەیەك لە نێوان مەزلووم عەبدی و ئەحمەد شەرع لە فڕۆكەخانەی سەربازیی زەمیر لە باكوری رۆژهەڵاتی دیمەشق ساز كراوە، لایەنی سووری باسی ناوەڕۆكی كۆبوونەوەكەیان نەكرد، بەڵام رەتیشیان نەكردەوە كە كراوە، هاوكات بە تەنیا راوێژكاری وەسفیان كرد.
لە سایەی ئەو گۆڕانكارییانەی ناوچەكە، سەركردایەتیی پارتی حەمید دەربەندی رەوانەی باكوری رۆژهەڵاتی سووریا كرد و پەیامێكی سەرۆك بارزانی بە سەركردەكانی هەسەدە و ئەنەكەسە گەیاند كە ناوەڕۆكەكەی ئاشكرا نەكرا، تەنیا میدیاكانی نزیك لە پارتی باسی ئەوەیان كرد پێوەستە بە دووپاتكردنەوەی گرنگیی یەكخستنی ریزەكانی كورد بۆ رووبەڕووبوونەوەی ئاڵنگارییەكانی ئێستەی سووریا، ئەوەشیان گوت كە مەزلووم عەبدی پێزانینی بۆ پەیامەكەی سەرۆك بارزانی پێشان داوە كە دووپاتی كردووەتەوە قۆناغی ئێستە پێویستیی بە هاوشانیی هەموو لایەنە كوردییەكان هەیە بۆ گەیشتن بە سەقامگیری و مسۆگەریی پاراستنی بەرژەوەندییەكانی گەلی كورد.
ئەمە و پێش چەند رۆژێك سەرۆك بارزانی چاوی بە شاندێكی ئەنەكەسە كەوت و گرنگیی بەشداریكردنی گەلی كوردی لە داڕشتنی نەخشەی دواڕۆژی سووریا و پێویستیی رێككەوتن لەسەر دیدێكی هاوبەشی كورد سەبارەت بە مافەكانی گەلی كورد و مامەڵەكردن لەگەڵ هێزە جیاجیاكانی نیشتمانیی سووریا و ئیدارەی ئێستەی دیمەشق دووپات كردەوە.