شارەزایان: لەناو ئۆتۆمبێل خۆراك مەخۆن

:: PM:09:57:15/01/2025 ‌

كەسانێك هەن لە شوێن و كاتە نائاساییەكان پەنا بۆ خواردن دەبەن، رەنگە بەهۆی كەمیی كات یان سەرقاڵییانەوە بێت، لەوانە لەناو ئۆتۆمبێل یان دوای هاتنەوە لە هۆڵی وەرزشكردن، بێ ئەوەی بیر لە مەترسیداریی ئەو كارەیان بكەنەوە، شارەزایان وریایی لە مەترسیداریی ئەو بابەتە دەدەن.

د. شیفرام سینگ شارەزای تەندروستی لە كلینیكی " WINIT "، ئاماژە دەكات، خواردن لەناو ئۆتۆمۆبێل دەبێتە هۆی گەشەكردنی بەكتریا و كەڕوو لە ئەنجامی رژانی پارچە و پاشماوەی خۆراك لەناو ئۆتۆمۆبێل و ئەگەر بە بەردەوام خاوێن نەكرێتەوە، كەڵەكە دەبێت، ئەوەش دەبێتە هۆی دروستبوونی ژینگەیەكی ناتەندروست لەناو ئۆتۆمۆبێلەكە، نەك تەنیا بۆ خواردنەكە، بەڵكو بۆ تەندروستیی شوفێر و ئەوانەشی لەگەڵیدا سوار دەبن.   

ئەو پزیشكە روونی دەكاتەوە، پلەی گەرما لەناو ئۆتۆمۆبێل بەرز و نزم دەكرێت، واتە لە هاوین و لە زستان دەستكاری دەكرێت، ئەوەش ژینگەیەكی لەبار بۆ گەشەی بەكتریای وەك سالمۆنێلا و لیستریا فەراهەم دەكات، كە ئەوانە لە پلەی گەرمی لە نێوان 4.44 و 60 پلەی سەتی گەشە دەكەن، ئەو ژینگەیەش لەبارەی لەناو ئۆتۆمبێلی داخراودا.

توێژینەوەیەكی پێشوو دووپاتی كردەوە كە كون و كەلەبەرەكانی ئۆتۆمۆبێل ئاستێكی بەرزی بەكتریایان تیادایە، د. گاریس نی مامۆستا لە زانكۆی چستر دەڵێت، زیاترین بڕی بەكتریا لەناو سندووقی ئۆتۆمۆبێلدایە ئینجا رووەكانی تر وەك كوشنی شوفێر و سوكان، زیاترین بەكتریای ناو ئۆتۆمۆبێلیش بریتییە لە ئیشریشی كۆڵای كە زۆرجار بێ زیانە، بەڵام هەندێك جۆری دەبێتە هۆی ژەهراویبوونی خۆراك، بۆیە باشترین شت پاككردنەوەی بەردەوامی ئۆتۆمۆبێلە. 



وشە - مه‌حموود ئیسماعیل