موحسین موجتەهید زادە، پیاوی ئاینی ئێرانی ئیسرائیلی تۆمەتبار كرد بەوەی كە هەوڵی كوشتنی ئیمام مەهدی دەدات، ئەمەیش لەكاتی هەڵكۆڵینی تونێلێك لە عێراق ئەنجام دەدات.
موجتەهید زادە لە میانی پارچە ڤیدیۆیەكی بینراودا كە لە سۆشیال میدیاكان و كەناڵەكانی راگەیاندنی ئێرانی بڵاو بووەتەوە باس لەوە دەكات، ئیسرائیل تونێلێكی لە شاری سامەرا هەڵكۆڵیوە بۆئەوەی بگاتە تەرمی ئیمام حەسەن عەسكەری كە باوكی ئیمام مەهدییە و دەیەوێ ترشێكی دەست بكەوێت لە دی ئێن ئەیەكەی و لەو رێگەیەوە ئیمام مەهدی بدۆزێتەوە و بیكوژێت.
ئەم پیاوە ئاینیەی ئێران باس لەوەیش دەكات، لەوكاتەی ئەمەریكییەكان هاتنە عێراق، زۆربەی زانایانی ئەمەریكی لە شوێنی ئیمام مەهدییان دەكۆڵییەوە و كامێرای چاودێریشیان لە هەموو شوێنێك دانا بۆ ئەوەی بیدۆزنەوە.
موجتەهید زادە ئاماژە بەوەیش دەكات ئەو تاوەرانەی كە لەپاڵ مەزارگەی هەردوو ئیمام هادی و عەسكەری لە عێراق دروستكراون و لە رێگەی ژیری دەسكردەوە كۆنترۆڵكراون بۆ ئەوەن كاتێك ئیمام مەهدی دەركەوت، بیدۆزنەوە و بیكوژن.
جێگەی ئاماژەیە، بەپێی ئاینی ئیسلام ئیمام مەهدی میراتگری پێغەمبەری ئیسلامە "د.خ" و لە سەردەمانی رۆژانی كۆتایی دنیا "ئاخیر زەمان" لەوكاتەیدا دنیا پڕە لە زووڵم و نادادپەروەری دەردەكەوێت و دادپەروەری دەگەڕێنێتەوە، لای سوننەكان وایە كە هێشتا لە دایك نەبووە و رەچەڵەكی دەگەڕێتەوە بۆ سەرعەلی كوری تاڵب و كوڕی فاتیمەی كچی پێغەمبەرە "د.خ"، لای خۆشیانەوە شیعە دەڵێن كە ئیمام مەهدی لە سەدەی سێیەمی كۆچییەوە لەدایك بووە.