مەزڵووم عەبدی، فەرماندەی گشتیی هێزەکانی سووریای دیموکرات (هەسەدە) دیدارەكەی لەگەڵ سەرۆک بارزانی بە مایەی دڵخۆشی وەسف دەكات و دەڵێت: باسمان لە یەكگرتوویی كورد كردووە.
ئەمڕۆ هەینی، 17ی كانوونی دووەم، لە هەژماری تایبەتیی خۆی لە تۆڕی كۆمەڵایەتیی X مەزڵووم عەبدی، فەرماندەی گشتیی هێزەکانی سووریای دیموکرات (هەسەدە) نووسیویەتی: دیدارەکەمان لەگەڵ سەرۆک مەسعوود بارزانیدا، مایەی دڵخۆشی بوو. باسمان لەو پرۆسەی گۆڕانکارییە کرد کە سووریا پێیدا تێ دەپەڕێت و هەردوولا هاودەنگ بووین کە پێویستە کورد لە سووریا یەکگرتوو بێت و گفتوگۆ لەگەڵ دیمەشق دەبێت بە ئاشتیانە بێت و مافەکانی گەلی کورد بپارێزێت.
فەرماندەكەی هەسەدە ئەوەشی خستە ڕوو، هەروەها جەختمان لەوە کردەوە کە گرنگیی یەکڕیزی کورد و سەقامگیری ناوچەكە بە گشتی لە ئەستۆی هەموومانە و دەبێت هاوکاری یەکتر دەبین.
دوێنێ پێنجشەم، سەرۆک بارزانی پێشوازی لە مەزڵووم عەبدی كرد و بەپێی ڕاگەیاندراوی بارەگای بارزانی، لەم دیدارەدا بارودۆخی سووریا و دوا پێشهاتە تەناهى و سیاسییەکانی سووریا، هەروەها چوارچێوەی گشتیی مامەڵەکردنی لایەنە کوردییەکان لەگەڵ بارودۆخی تازەی سووریا، چۆنیەتیی گرتنەبەری هەڵوێستێکی هاوبەشی لایەنە کوردییەکانی سووریا تاوتوێ کرا.
ئەوەش خرابووە ڕوو هەر لەم دیدارەدا دووپات لەوە کرایەوە، پێویستە لایەنە کوردییەکانی سووریا بەبێ دەستوەردانی هیچ لایەنێک و بە ڕێکاری ئاشتییانە بڕیار لە چارەنووسی خۆیان بدەن، لەپێناو زامنکردنی مافەکانیان بە یەکڕیزی و یەکهەڵوێستیی هاوبەش لەگەڵ حوکمڕانانی تازەی سووریا بگەنە لێکتێگەیشتن و ڕێککەوتن، و فاکتەری ئاشتی و سەقامگیری بن و ڕێگری بکەن لە دووبارەبوونەوەی ئەو نەهامەتییانەی بەسەر گەلی کورد و پێکهاتەکانی تری سووریادا هاتوونە.
دیداری سەرۆک بارزانی و مەزڵووم عەبدی، لەسەر ئاستێكی فراوانی هەموو كوردستان دەنگی دایەوە و هەموو لا جارێكی تر دەسپێشخەرییەكانی سەرۆك بارزانییان بەرز نرخاند.