پەرلەمانی عێراق بەرنامەی كۆبوونەوەی سبەی گۆڕی

:: PM:02:05:20/01/2025 ‌
بڕیارە سبەی دانیشتنی پەرلەمانی عێراق بەڕێوە بچێت، لەسەر داوای كورد بەرنامەی دانیشتنەكە گۆڕانكاریی تێدای كرا و بڕگەیەكی تایبەت هێنرایە پێشەوە.

ئەمڕۆ دووشەم 20ـی كانوونی دووەم، لە فەرمانگەی راگەیاندنی ئەنجوومەنی نوێنەرانی عێراق، بە "وشە" راگەیەنرا، لەسەر داوای كورد، پەرلەمانی عێراق خشتەی دانیشتنی سبەی سێشەمی گۆڕی و دەنگدان لەسەر هەمواری یاسای بودجەی ساڵی 2025ی خستە سەرەتای دانیشتنەكەوە.

زیاتر گوتی، پێشتر پەرلەمانی عێراق خشتەی دانیشتنەكەی بڵاو كردەوە و تێیدا چەند پڕۆژەیاسایەك لە خشتەكەدا دانرابوون، بەڵام كەمێك پێش ئێستە پەرلەمان خشتەیەكی نوێی بڵاو كردەوە و دەنگدان لەسەر هەمواری پڕۆژەیاسای بودجە بۆ ساڵانی 2023 و 2024 و 2025 كە پێوەستە بە هەرێمی كوردستانەوە، خراوەتە سەرەتای دانیشتنەكە و لە بڕگەی یەكەمدا هاتووە.

ئاماژەی بەوەش كرد، لە بڕگەی دووەمدا دەنگدان لەسەر پڕۆژەیاسای باری كەسێتی هاتووە و لە بڕگەیەكی تر دەنگدان لەسەر گەڕانەوەی ئەو خانووانەی بەر بڕیارەكانی حزبی بەعس كەوتوون و دەستیان بەسەردا گیراوە بۆ خاوەنەكانیان، لە بڕگەی چوارەمدا دەنگدان لەسەر هەمواری یاسای لێبوردنی گشتی هاتووە، ئەمە جگە لە چەند بڕگەیەكی تر. 



وشە - رامیار جەواد