دەستەی كەشناسیی عێراق ئاماژە دەكات كە لە كۆتایی ئەم هەفتەیەوە تا كۆتایی هەفتەی داهاتوو حاڵەتێكی سەرما و باران هەرێمی كوردستان و عێراق دەگرێتەوە، بەپێی دەستەكە ئەمشەو زۆر سارد دەبێت و ئەگەری بەستن و داخرانی هەندێك لە رێگەكانی هەیە.
دەستەكە لە پۆستێك لە تۆڕە كۆمەڵایەتییەكان سەبارەت بە كەشوهەوای ماوەی داهاتوو نووسیویەتی، بەپێی زانیارییەكانی كەشوهەوا و وێنەی مانگی دەستكرد، دۆخێكی دوورودرێژی باران عێراق دەگرێتەوە، كە بە درێژترین لە ماوەی ئەم زستانە دادەنرێت.
بەپێی بڵاوكراوەكە حاڵەتەكە لە پێنجشەمی داهاتووەوە دەست پێ دەكات و لە چوارشەمی هەفتەی داهاتوو كۆتای دێت، لەو ماوەیە باران بە توندی جیاواز دەبارێت، جیا لە گۆڕانكاری لە پلەكانی گەرما و توندیی با.
بەپێی دەستەكە ئەمڕۆ گۆڕانكارییەكانی كەشوهەوا لە شارەكانی هەرێمی كوردستان و باكور و رۆژئاوای عێراق بەردەوام دەبێت، لەوانە باران و هەور و لە هەندێك لە ناوچەكانی هەرێمیش بەفر، پلەكانی گەرما لە ئێوارەی ئەمڕۆ و شەوەكەی لە زۆرینەی شارەكان نزم دەبێتەوە و ئەگەری بەستن و داخرانی رێگەكان هەیە.
پلەكانی گەرما لە شارەكانی هەرێمی كوردستان بەو شێوەیە دەبێت، هەولێر نزمترین پلە شەش و بەرزترین 14 پلەی سەتی، سلێمانی نزمترین پلە 1 و بەرزترین پلە 7 پلەی سەتی و دهۆك نزمترین پلە 4 و بەرزترین پلە 10 پلەی سەتی، لە كەركووكیش نزمترین پلە 7 و بەرزترین پلە 10 پلەی سەتی.