لەوكاتەی ساڵانە ژمارەیەك زۆر قوتابیانی عێراقی روو لە ئێران دەكەن بۆ خوێندنی لە بوارە جیاجیاكان زانكۆكانی ئەو وڵاتە، وەزیری زانستەكانی ئێران رای گەیاند كە رێككەوتن لە نێوان بەغدا و تاران كراوە بۆ دامەزراندنی لقی زانكۆكانی ئێران لە عێراق.
حوسێن سیمایی سەراف وەزیری زانستەكانی ئێران بە ئاژانسی "تەسنیم"ی ئێرانی راگەیاند، هەردوو وڵات رێككەوتوون لە ساڵی داهاتووەوە ئەو بابەتە تەواو بكەن، بۆیە بڕیارە لقی زانكۆكانی تاران و شەریف و فیردۆسیی مەشهەد لە عێراق بكرێنەوە.
روونی كردەوە، چەند رێككەوتنێك لەگەڵ دوو بۆ سێ زانكۆ واژوو كراوە بۆ كردنەوەی لقیان لە عێراق، كارەكەش كۆتایی هاتووە، هەردوو وڵات، واتە ئێران و عێراق، بەڵێنیان داوە ساڵی داهاتوو ئەو بابەتە جێبەجێ بكەن، بۆیە بڕیارە زانكۆكانی تاران و شەریف و فیردۆسیی مەشهەد لقیان لە عێراق بكەنەوە.
لای خۆیەوە حەیدەر عەبوودی گوتەبێژی وەزارەتی خوێندنی باڵای عێراق رای گەیاند كە بەرنامەیەكیان دەست پێ كردووە بۆ ئاڵوگۆڕیی دابینكردنی زەمالەی خوێندن لە نێوان عێراق و ئێران، روونی كردەوە، عێراق 100 زەمالە ی خوێندن بۆ قوتابیانی ئێرانی فەراهەم دەكات و ئێرانیش 200 زەمالە بۆ قوتابییە عێراقییەكان، لەپاڵ ئەوەش 100 یاداشتی لێكگەیشتن لە نێوان وەزارەتی خوێندنی باڵای عێراق و زانستەكانی ئێران واژوو كراوە.