كازم ساهیر لە هەولێر كۆنسێرتی نییە و بلیتەكەی دەفرۆشرێت

:: AM:08:48:03/02/2025 ‌
لە هەولێر بلیتی كۆنسێرتی هونەرمەندی ناسراوی عێراق كازم ساهیر دەفرۆشرێت، بەڵام ئەو هونەرمەندە رەتی دەكاتەوە لە هەولێر كۆنسێرتی هەبێت.

لە هەندێك پەیجی ناو تۆڕە كۆمەڵایەتییەكاندا، كات و شوێنی بەڕێوەچوونی كۆنسێرتەكەی كازم ساهیر بڵاو كراوەتەوە گوایە لە رۆژی پێنجشەم رێكەوتی 20ـی شوبات، لە هۆڵی سەعد عەبدوڵا لە هەولێر ساز دەكات.

لەبارەی نرخی بلیتەكانیشەوە، كورسیی ئاڵتوونی لە ریزی پێشەوە بە 270 هەزار دینار، سلڤەر كە ریزی ناوەڕاستە بە 135 هەزار دینار و كورسیی بڕۆنزیش بە 70 هەزار دینارە.

دوای بڵاوبوونەوەی هەواڵی كۆنسێرتەكە لە هەندێك لە میدیا عێراقی و تۆڕە كۆمەڵایەتییەكاندا، كازم ساهیر ئەو هەواڵەی رەت كردەوە و لە هەژماری فەرمی خۆی لە تۆڕی كۆمەڵایەتیی ئینستاگرام، ئاگادارییەكی لەبارەی سازدانی كۆنسێرت بڵاو كردووەتەوە و رای گەیاندووە، "هەوادارانی ئازیز، پێتان رادەگەیەنم كە سازدانی هەر كۆنسێرتێك لە وڵاتانی عەرەبی بە گشتی و عێراق بەتایبەتی، تەنیا لە ڕێگەی هەژمارە فەرمییەكانەوە رادەگەیەنرێت و لێی ئاگادار دەكرێنەوە".

كازم دەڵێت: من ئاگاداری كۆنسێرت لە هەولێر نیم و ئەوەی هەیە تەنیا هەندێك ساختەچین لە تۆڕە كۆمەڵایەتییەكان بەناوی منەوە كاسبی دەكەن.



وشە - سۆران عەزیز