ئەكتەرێكی ناسراوی توركیا بەهۆی ئەوەی بەشداریی لە زنجیرەیەكی تەلەڤزیۆنی فڕەنسیدا كردووە، بەتۆمەتی "پڕوپاگەندەكردن بۆ رێكخراوێكی تیرۆریستی" لە توركیا لێكۆڵینەوەی لەگەڵدا دەكرێت.
مەلیسا ئۆزەن لە كاتی گەڕانەوەی لە دەرەوەی وڵاتەوە بۆ توركیا، لە فڕۆكەخانە رادەگیرێت و لەبارەی رۆڵگێڕانی لە درامایەكی فڕەنسیدا، لێكۆڵینەوەی لەگەڵ دەكرێت كە لە ساڵی 2016دا بەرهەم هێنراوە و لە 2017دا پەخش كراوە.
ئەو درامایە باسی رووبەڕووبوونەوەی شەڕڤانان و داعش دەكات، لە یەكێك لە پڕبینەرترین كەناڵەكانی تەلەڤزیۆندا پەخش كرا، دراماكە ئەو كاتانە دەگێڕێتەوە كە داعش لەلایەن شەڕڤانانەوە تێكشكێنرا.
ئەو ئەكتەرە ناسراوەی توركیا بەهۆی ئەوەی لە زنجیرەكەدا رۆڵی ئەندامێكی یەكینەكانی پاراستنی ژنان "یەپەژە" دەگێڕێت، كە هاوكات كاری سیخوڕی بۆ دەزگای هەواڵگریی فڕەنسا دەكات، پاش ئەوەی لە فڕۆكەخانە رادەگیرێت، گوتەی لێ وەردەگیرێت.