بەپێی گێڕانەوەكانی هونەرمەند عەباسی كەمەندی، سەید عەلی ئەسغەری كوردستانی لە چواری شوباتی 1934 كۆچی دوایی كردووە و لە گۆڕستانی گوندەكەی بەخاك هاتووەتە سپاردن.
ئەمڕۆ 91 ساڵ بەسەر كۆچی دوایی هونەرمەندێكی گەورە كە بووە بنەمایەكی گرنگ بۆ دامەزراندنی هونەری نوێی كوردی، سەید عەلی ئەسغەری كوردستانی تێدەپەڕێت.
سەید عەلی دەنگێك لە حوجرە و تەكیەوە بە خوێندنی قورئان دەستی پێ كرد، دواتر بە وشە و ئاوازەكانی گەنجینەیەكی بۆ كورد جێهێشت..
سەید عەلی ئەسغەری كوردستانی ناوی سەید نیزامەدین كوڕی سەید جامی كوڕی سەید محەمەد جەواد كوڕی سەید ئیبراهیمە، لە گوندی سەڵوەتاوا لە نزیك شاری سنە لە ڕۆژهەڵاتی كوردستان، هەرچەندە ساڵی لە دایكبوونی بە تەواوی ڕوون نییە، بەڵام هونەرمەندی گەورەی كورد عەباسی كەمەندی دەڵێت، لە ساڵی 1881 لە دایك بووە .
بنەماڵەی سەید عەلی خۆی لە بنەڕەتدا سەربە بنەماڵەی باباتاهیری هەمەدانی شاعیری ناوداری كوردە، بۆیە ئەو شاعیرەش كاریگەریی زۆر لەسەر دروست كردووە.
سەید عەلی ئەسغەر لە ساڵی 1905 لەگەڵ مەحشەرەف خانم ژیانی هاوبەشی پێكهێناوە و سێ كوڕ و دوو كچیان بووە، نازناوی كوردستانیش مەبەست پارێزگای سنەیە، چونكە فارسەكان بە سنە دەڵێن، كوردستان و ئەوەش شۆڕ بووەتەوە بۆ ناو كورد و نەتەوەكانی تری ئێران.
لە ژیانی حوجرە و فەقێیەتی سەرسامی بابا تاهیر بووە، شیعرەكانی ئەوی بە ئاوازەوە خوێندووە و قورئانیشی بە دەنگە بەرزەكەی خۆی خوێندووە، موناجات و مەقام و سروودی ئاینی گوتووە، ئەمە بەرە بەرە سەید عەلی هێناوەتە ناو دنیای هونەرەوە، كاتێك خەڵك بە بەبەردەوام وەسفیان كردووە و هانیان داوە ئەو دەنگەی ون نەكات و بەكاری بهێنێت.
سەید عەلی ئەسغەری كوردستانی بە چڕینی شاكارەكانی وەك "جانی جانم وەرە، ئەی رەفیقانی تەریقەت، غەمگین و دڵپەشێوم، هەی نابێ نابێ" پایەیەكی بەهێزی هونەری بۆ كورد جێگیر كرد، خەت و خاڵی هونەرێكی نەمری بۆ كورد دروست كرد كە ئێستە وەك فێرگەیەك هونەرمەندانی گەنجی كورد لێییەوە فێر دەبن.