ئەمڕۆ سێشەم ئەحمەد شەرع "ئەبو محەمەد جۆلانی"، سەرۆكی گرووپی تەحریر شام و قۆناغی گوێزەرەوە لە سووریا لە دوای رووخانی رژێمی بەشار ئەسەد، لەسەر بانگهێشتی رەجەب تەیب ئەردۆغان سەرۆكی توركیا گەیشتە ئەنقەرە، ئەوان باسی دۆخی ئێستە و قۆناغی داهاتووی سووریا دەكەن.
ئێستە ئەنقەرە دەیەوێ ئەو بۆشاییە پڕ بكاتەوە كە ئێران و رووسیا لە سووریا جێیان هێشتووە، دەیەوێ وەك یاریزانێكی سەرەكی لەو وڵاتە رۆڵ ببینێت، بۆیەش دەستی كردووە بە فرەوانكردنی دەسەڵاتەكانی، چاوەڕوان دەكرێت لە سەردانەكەی شەرع بۆ ئەنقەرە گفتوگۆ لەبارەی رێككەوتنێكی هاوبەشی بەرگریی هەردوو وڵات بكرێت، كە رەنگە توڕەیی و ئاڵۆزی لای وڵاتانی كەنداو دروست بكات، جیا لەوەی ئیسرائیل دەخاتە هەڵوێستێكی شەرمەزار و سەقامگیریی ناوچەكەش دەشێوێنێت.
بەپێی چەند سەرچاوەیەكی توركی و سووری گفتوگۆی هەردوولا چەند بابەتێكی گرنگ دەگرێتەوە، لەوانە دامەزراندنی چەند بنكەیەكی سەربازی و ئاسمانیی توركی لە سووریا و راهێنان و چەكداریكردنی سوپای سووریای نوێ لە لایەن توركیاوە، واتە توركیا كۆنترۆڵی سوپا و چەك و ئاسمانی سووریا بكات و لەكاتی پێویست بەرگری لێ بكات.
بەپێی سەرچاوەكان سەركردایەتیی نوێی سووریا دەستی بە دامەزراندنەوەی پەیكەری سوپای نوێی سووریا كردووە لە رێگەی هەڵوەشاندنەوەی میلیشیا و گرووپە چەكدارەكان و یەكخستنیان لە ژێر سەركردایەتییەكی یەكگرتووی سەربازی، كە بڕیارە گفتوگۆكانی سووریا و توركیا هەفتەی داهاتوو كۆتایی پێ بێت، كە دامەزراندنی دوو بنكەی سەربازیی توركیا لە ناوچەی بیابانی سووریا دەگرێتەوە، كە بە بادیەی سووریا ناسراوە، جیا لە بڵاوكردنەوەی فڕۆكەی ئێف-16ی توركی لە سووریا.
بەپێی سەرچاوەیەك لە سەرۆكایەتیی سووریا لە كۆبوونەوەكەی شەرع و ئەردۆغان باسی مەشق و راهێنان بە سوپای نوێی سووریا لە لایەن توركیا دەكرێت، جیا لە دیاریكردنی شوێنەكانی بوونی سەربازیی توركیا لە سووریا و بنكەكانی هاریكاری، بەپێی رۆژنامەی "توركیا"، توركیا بە نیازە دوو بنكەی سەربازی لە سووریا دامەزرێنێت و فڕۆكەی جۆری ئێف-16ەیان تیادا بڵاو دەكاتەوە، رێككەوتنێكی هاوبەشی تەناهیش واژوو دەكەن بۆ بەرگریكردن لە سووریا لە كاتی بوونی هەڕەشە لەسەری، جیا لە مەشق و راهێنان و چەكداریكردنی سوپای سووریا.
بەپێی رۆژنامەكە ئیدارەی نوێی سووریا داوای لە توركیا كردووە درۆن و سیستمی راداری پێشكەوتوو و شەڕی ئەلیكترۆنی پێ بدات بۆ بەهێزكردنی توانا سەربازییەكانی لەسەر سنوورەكانی ئیسرائیل، ئەگەریش هەیە بەمنزیكانە توركیا درۆنەكان بە سووریا بدات، كە رەنگە ئەو هەنگاوە هاوكات بۆ ئەمەریكا و ئیسرائیل و هەسەدە باش نەبێت.
بەرپرسێكی هەواڵگریی ناوچەكە ئاشكرای كرد، ئەو شوێنانەی ئەگەر هەیە توركیا بنكەی سەربازییان لە توركیا تیادا دامەزرێنێت بریتین لە فڕۆكەخانەی تەدموری سەربازی و بنكەی تی4ی سوپای سووریا لە پارێزگای حمس، كە رەنگە ئەوەش پەیام و هەڕەشەیەك بێت بۆ هەسەدە، كە توركیا بە باڵێكی پەكەكەیان دادەنێت.
ئێستە شەرع كەوتووەتە نێوان خواست و گوشارەكانی توركیا و ئەمەریكا و وڵاتانی عەرەبی، ئەو دەیەوێ پێگە سەربازییەكەی لە رێگەی توركیاوە بەهێز بكات، هاوكات وڵاتەكەی لە رێگەی سعوودیە و كەنداوەوە ئاوەدان بكاتەوە، كەچی ئەوانە هەریەكەیان مەرج و ئەجیندای خۆیان هەیە و رەنگە تێكەڵ یەكتر نەبن یان سازش بۆ یەكتر نەكەن و قبووڵی نەكەن سووریا زیاتر بە لای ئەویتریان بشكێتەوە، چونكە دۆخی سووریا هێشتا جێگیر نییە.
فەخرەدین ئاڵتوون سەرۆكی فەرمانگەی راگەیاندن و پێوەندییەكان لە سەرۆكایەتیی توركیا لەبارەی سەردانەكەی شەرع بۆ ئەنقەرە دەڵێت، ئەمڕۆ سێشەم لەسەر بانگهێشتی رەجەب تەیب ئەردۆغان سەرۆكی توركیا، ئەحمەد شەرع سەردانی ئەنقەرە دەكات، ئەوان گفتوگۆ لەبارەی دوایین پەرەسەندنەكانی دۆخی سووریا لە هەموو بوارەكان دەكەن، جیا لە هەڵسەنگاندنی هەنگاوە هاوبەشەكان كە پێویستە هەردوو وڵات بیان نێن بۆ گەیشتن بە باشبوونی ئابووری و سەقامگیربوونی بەردەوامی ئاسایشی ناوچەكە.
ئەو سەردانەی ئەحمەد شەرع بۆ ئەنقەرە، دووەم سەردانی دەرەوەی شەرعە لە دوای راگەیاندنی وەك سەرۆكی قۆناغی گوێزەرەوەی سووریا لە هەفتەی رابردوو، كاتێك سەردانی ریازی كرد و چاوی بە محەمەد بن سەلمان شازادەی جێنشینی سعوودیە كەوت، ئەمڕۆش لە دووەم وێستگەی سەردانەكەی بۆ دەرەوەی سووریا گەیشتە ئەنقەرە بۆ دیداری ئەردۆغان.