پێش مردنی وریا حەمەكەریم چیی گوت؟

:: AM:10:20:06/02/2025 ‌
دوای ئەوەی بەرەبەیانیی ئەمڕۆ، وریا حەمەكەریم رۆژنامەنووسی دیاری هەڵەبجە، بە رووداوێك گیانی لە دەست دا، دەرکەوتووە پێش ئەو رووداوە قسەی بۆ میدیاکاران كردووە کە لەسەر پیشەكەی هەڕەشەی لێ كراوە.

ئەمڕۆ پێنجشەم شەشی شوبات، وریا حەمەكەریم ڕۆژنامەنووس و پەیامنێری NRT لە پارێزگای هەڵەبجە، بەهۆی ڕووداوێكی هاتوچۆدا گیانی لە دەست دا.

بەهۆی كارەكەی و ئاشكراكردنی چەندان دۆسیەی گەندەڵی، وریا حەمەكەریم چەندان جار سكاڵای لەسەر تۆمار كراوە و چەندان جاریش هەڕەشەی لێ كراوە.

لە 14ـی كانوونی یەكەمی ساڵی رابردوو گوتی، بەهۆی ئاشكراكردنی گەندەڵی سكاڵام لەسەر تۆمار كراوە و هەڕەشەشم لێ كراوە.

وریا ئاماژەی بەوەش دابوو، دۆسیەكەی یاریی پێ‌ كراوە و لە هەڵەبجە بۆ سلێمانی گوازراوەتەوە، ئەوەش تەنیا لەسەر ئاشكراكردنی دۆسیەیەكی گەندەڵیی تەندروستی بووە. 



وشە - رامیار جەواد