ئەمڕۆ رۆژنامەنووس وریا حەمەكەریم بەهۆی رووداوێكی هاتوچۆ گیانی لەدەست دا، دواتر دەركەوت ئەو بارهەڵگرەی رۆژنامەنووسەكە لەگەڵی تووشی رووداوی هاتوچۆ بووە بە قاچاخ داخلی سنووری سلێمانی كراوە، پێشتریش ئەوە ئاشكرا كراوە، دوو لە ئەندامانی گرووپی مامۆستایانی ناڕازی سەرپەرشتی ئەو قاچاخانە دەكەن كە لە سنوورەكانی سلێمانییەوە دەكرێن، بە تایبەت قاچاخی دووگ و جگەری بەستوو.
ئەمڕۆ پێنجشەم شەشی شوبات، عەلی حەمەساڵح پەرلەمانتاری كوردستان رای گەیاند، ئەو بارهەڵگرە پڕ لە تەماتەیەی كە هۆكار بوو بۆ گیان لەدەست دانی وریا حەمەكەریم، بە قاچاخ داخل كراوە.
زیاتر گوتی، داخلكردنی ئەو بارە بە سێ هەزار و 50 دۆلار بووە، كە لە لایەن بەرپرسانی یەكێتی لەو سنوورە وەریان گرتووە، ئێستە 18 بارهەڵگری تر چاوەڕوانن داخلكردنیان بۆ بكرێت و بهێنرێن بۆ سنوورەكە.
بەهۆی ئەوەی یەكێتی لەم سنوورەدا باڵادەستە، قاچاخی سنوورەكانی سلێمانی لە ئەستۆی حزبەكە دایە، ئەمە جگە لەوەی پێشتر ئاشكرا كراوە، بەشێكی سەركردەی میلیشیا شیعییەكان بە هاوكاری دوو ئەندامی گرووپێك كە ناویان لە خۆیان ناوە مامۆستایانی ناڕازی و ئێستەیش یەكێكیان لەژێر خێوەتی مانگرتووان مانی گرتووە، قاچاخی لە سنوورەكانی یەكێتی دەكەن و باری قاچاخ داخڵی سلێمانی دەكەن.
پێشتریش بەشدار بازیانی، كە رۆژنامەنووسێكی بنكۆڵكاری سلێمانییە و دوێنی دوای دوازدە سەعات گیرانی لەلایەن هێزێكی سلێمانییەوە، وەك خۆی دوای ئازادبوونی باسی كرد نەیزانی بۆ گیراوە، ئەوەی ئاشكرا كردبوو كە دوو لە مامۆستایان لە گرووپی مامۆستایانی ناڕازی، كاری قاچاخی دەكەن و هاوپشک و شەریکی (ئیدارەی گشتیی یەکێتیی نیشتیمانیی کوردستانن) و بە مۆڵەتی کۆمپانیایەکی هاوردەکار بەناوی (ع،ص.م) دەنێرن و دەچن لە تورکیا و ئێران دووگ و جگەری قەدەغەکراو دەکڕن و بە ڕێگای مەرزی باشماخ (بناوەسووتە + ڕێگای سەرەوە) بەشێوەی "ئیتیفاق" بۆیان داخل دەکرێت.
لە بەڵگەنامەی رۆژنامەنووسەكە هاتبوو، کۆنتێنەری دووگ و جگەرە قاچاخەکەی دوو ئەندامەکەی دەستەی مامۆستایانی ناڕازی بە دوو بازگەدا گوزەر دەکات و شۆفێرەکە کاخەزێک کە وەسڵێکی بچووکە نیشانی پۆلیسەکە دەدات، کە لەسەری نوسراوە 009 ئیتیفاق، بە مۆرێکەوە و دەیگەیەنێتە سلێمانی بەسەلامەت بۆ كۆگایەك لە "هوانە" و بەشەکەی تریشی لە ڕێگای کۆمپانیای سەروەر ئەحمەد سەروەر دەنێردرێت بۆ بەغداد.
لەبارەی چۆنیەتی دەربازبوونیشیان لە بازگەكانی بەغداوە، باسی لەوە كردبوو كە بۆ داخلکردنی بارەکان دوو مامۆستا ناڕازییەكە، پێویستیان بە مۆڵەتی ڕێگاپێدانی گومرگی ناوەند بووە لە بازگەی یەكەمی گومرگ، هەر بۆیە لە کۆبوونەوەی ڕۆژی 26ی ئۆکتۆبەری 2023ی بەغدا رەیان كلدانی، بەڵێنی هاوکاریان پێ دەدات لە بەرانبەر گوشارکردن و فراوانتر کردنی بازنەی خۆپیشاندانەکان لە کوردستان، دواتر لە بەرانبەر هاوکاریەکانی دیاری پێ درا و وێنەی موبارەکەی لەگەڵدا گیرا.
لای خۆیەوە چاودێرێكی سیاسی لە سلێمانی بە مەرجی ناونەهێنانی بە "وشە"ی گوت، ئەوەی لە رابردوودا ئاشكرا كراوە ئەوەیە، یەكێك لەو مامۆستایانەی خۆی ناو لێناوە ناڕازی و هەڵدەسووڕێنرێت لەلایەن حزبێكی دیاریكراو و گرووپێكی میلیشیاوە بۆ ئاژاوە خستنە كوردستان، بەشدارێكی سەرەكی قاچاخییەكانی سنووری سلێمانییە، دەكرێت ئەم بارهەڵگرە تەماتە قاچاخەی كە ئەمڕۆ كۆتایی بە گیانی رۆژنامەنووس "وریا حەمە كەریم" هێنا، هەر لە قافڵەی بارهەڵگرە قاچاخەكانی ئەم مامۆستایە بێت كە ئێستە لەژێر خێوەتی مانگرتووانەوە بانگەشەی مانگرتنی كردووە.