توێژینەوەیەكی نوێ ئاشكرای دەكات، مۆمی بۆندار كە هاوسەران و عاشقان بۆ كاتە تایبەتەكانیان بەكاری دەهێنن، یان تەنانەت ئەو مۆمەش كە دەكرێتە سەر كێكی لەدایكبوونەوە، زیانی تەندروستیی مەترسیداری هەیە.
بەپێی لێكۆڵینەوەیەك كە لەسەر 26 كەس تاقی كراوەتەوە، دەركەوتووە ئەو دووكەڵەی مۆم دەری دەكات، كاریگەریی خراپی لەسەر مێشك هەیە، بە تایبەتی لە ژووری داخراودا.
ئەم ئەنجامانە لە تاقیکردنەوەیەکەوە هاتووە کە خۆبەخشان بەشداربوون لە ژوورێکدا کە مۆمێکی تێدا داگیرساوە بۆ ماوەی سەعاتێك، دواتر هەمان تاقیکردنەوە لە ژوورێکی تردا كرا کە هەوای پاکی تێدابوو. پێش ئەوەی بچنە ئەو ژوورانە و دواتریش تاقیكردنەوە لەسەر توانای سەرنجیان كرا و لێرەوە كارەساتەكە دەركەوت.
ئەنجامەکان دەریانخست، پاش هەڵمژینی هەوا لە ژوورێكدا كە مۆمی لێیە، سەرنجی مێشكیان كەم بووەتەوە. ئەم توێژینەوەیەش لە گۆڤاری Nature Communications بڵاو کراوەتەوە و تیشک دەخاتە سەر کاریگەرییە کورتخایەنەکانی پیسبوونی هەوا لەسەر توانای دەروونی.