ئامێرێكی موزیكیی كەمانچە لە جۆری "سترادیفاریوس" كە مێژووەكەی زۆر كۆنە، لە زیادكردنێكدا بە زیاتر لە 11 ملیۆن دۆلار هاتە فرۆشتن. ئەو كەمانچەیە چەندان ژەنیاری جیهانی بەكاریان هێناوە.
پێگەی "شەفەق نیوز" هەواڵەكەی بلاو كردووەتەوە و ئاماژەی داوە، ئەو كەمانچەیە لە دروستكراوی ئەنتۆنیۆ سترادیفارییە و لە ساڵی 1714دا دروستی كردووە، لە دنیادا ئەو كەمانچەیە بە دەنگە خۆشەكەی دەناسرێتەوە كە لە چەندان ئاهەنگی گەورە و كۆنسێرتی هونەرمەندان بەكار هێنراوە. دواتریش هەینیی رابردوو لە زیادكردنێكدا بە 11 ملیۆن و 300 هەزار دۆلار هاتە فرۆشتن.
ماری كڵاودیا سەرۆكی خانەی "سوزبیز" لە نیویۆرك لە بەیاننامەیەكدا رای گەیاند، ئەو كەمانچەیە زۆر ناوازەیە و بە ئامێرێكی مێژوویی و كلاسیكی هەژمار دەكرێت، دەنگێكی زۆر خۆشی هەیە و چەندان ژەنیاری ناوداری جیهانی بەكاریان هێناوە.
ئەم كەمانچەیە پێشتر سی- هۆن ما خاوەنی بووە، دواتر داویەتی بە پەیمانگەی نیو ئینگلاند بۆ موزیك لە بۆستن. پێشتریش جۆزیڤ یواكیم خاوەنی بووە كە ناودارترین ژەنیاری كەمانچەی سەدەی 19 بووە.
بەرلە فرۆشتنی ئەم كەمانچەیە، لە ساڵی 2011دا كەمانچەیەكی تر بەناوی "لیدی بلانت" بە 15 ملیۆن و 900 هەزار دۆلار هاتە فرۆشتن.