چاوەڕێ دەكرێت بەمزووانە پەیامی عەبدوڵا ئۆجەلان بۆ رای گشتی بڵاو بكرێتەوە، بەپێی زانیاریی پەرلەمانتارەكەی دەم پارتی، پەیامەكە پەیامێكی ڤیدیۆیی دەبێت.
بەگوێرەی هەواڵێكی رۆژنامەی یەنی یەشام، عومەر ئۆجەلان پەرلەمانتاری دەم پارتی و برازای عەبدوڵا ئۆجەلان رای گەیاندووە، ئۆجەلان پەیامێكی ڤیدۆیی دەبێت بۆ رەخساندنی ئاشتەوایی و چارەسەریی دیموكراتیی لە رێگەی بەدەستهێنانی مافە رەواكان لە دەستوور، هەروەها كۆتاهێنان بە خەباتی چەكداری.
عومەر ئۆجەلان گوتوویەتی، پەیامەكەی ئۆجەلان تەنیا بۆ توركیا نابێت، بەڵكو بۆ رۆژهەڵاتی ناوەڕاستیش كاریگەریی دەبێت.
چەند رۆژێك لەمەوبەر دەم پارتی رای گەیاند، عەبدوڵا ئۆجەلان بەمزووانە پەیامێكی مێژوویی دەدات، هەموو چاوەكان لە توركیا لەسەر ئەوەن كە كۆتایی بەشەڕ بهێنێت و چارەسەرێكی هەمیشەیی بۆ پرسی كورد لە توركیا بێتە ئارا.
لە ماوەی دوو مانگی رابردوودا شاندی دەم پارتی دووجار سەردانی ئیمراڵیان كردووە و شاندەكە بۆ گەیاندنی پەیامی ئۆجەلان، لەگەڵ حزب و لایەنە سیاسییەكانی توركیا كۆ بوونەتەوە.
پێشتر بەشێك لە میدیاكانی توركیا باسیان لەوە دەكرد مانگی شوباتی ئەمساڵ پەكەكە چەك دادەنێت”، بەڵام موراد قەرەیلان ئەندامی كۆمیتەی بەڕێوەبەری پەكەكە، ئەو دەنگۆیەی رەت كردووە و هەینیی رابردوو گوتی، ئەوان تەنیا بە مەرجێك چەك دادەنێن ئەویش ئەوەیە یان ئۆجەلان ئازاد بكرێت، یان بتوانن راستەوخۆ قسە لەگەڵ ئۆجەلان بكەن و تەنیا ئەو دەتوانێت پێیان بڵێت چەك دابنێن.
عەبدوڵا ئۆجەلان كە لە ساڵی 1949 لە دایك بووە، ساڵی 1978 پارتی كرێكارانی كوردستانی دامەزراندووە. لە ساڵی 1984 شەڕی چەكداری لە دژی توركیا راگەیاند.
لە 15ی شوباتی 1999 لە كینیا گیرا و گوازرایەوە توركیا. رۆژی 29ی حوزەیرانی 1999 دادگایی كرا و فەرمانی لەسێدارەدانی بۆ دەرچوو. لە ئابی 2002، توركیا سزای لە سێدارەدانی لە وڵاتەكەی نەهێشت، بۆیە سزای ئەویش گۆڕا بۆ زیندانی تاهەتایی.