"مەم و زین"ی ئەحمەدی خانی كرایە فارسی

:: AM:10:05:09/02/2025 ‌
"مەم و زین"ی ئەحمەدی خانی بۆ سەر زمانی فارسی دێتە وەرگێڕان، پێشتریش بۆ چەندان زمانی تری دنیا هاتووەتە وەرگێڕان.

 سبەی دووشەم 10ی شوبات، رێوڕەسمی ناساندنی كتێبی "مەم و زین"ی ئەحمەدی خانی كە شاكارێكی مێژووییە بەڕێوە دەچێت، تێیدا خوێندنەوە و شرۆڤە بۆ كتێبەكە دەكرێت كە بۆ یەكەم جارە بۆ سەر زمانی فارسی دێتە وەرگێڕان.

بەگوێرەی راگەیەنراوی بەشی ڕۆشنبیری و ڕاگەیاندنی پارتی دیموكراتی كوردستان، وەرگێڕانی شاكاری مێژوویی "مەم و زین" بەرز دەنرخێنرێت و لە رێوڕەسمێكدا لە هۆڵی ڕاگەیاندنی پارتی، بە پێشكەشكردنی گوتار و پانێڵ، ڕێز لە دكتۆر شێرزاد شەفیع بابۆ وەرگێڕی كتێبەكە دەگیرێت.

ئە‌حمە‌دی خانی بە‌ناوبانگترین شاعیری نە‌تە‌وە‌یی كوردە‌، لووتكە‌ی شیعری كرمانجی سە‌روو و دوا شاعیری گە‌ورە‌یە‌تی، ناوبانگی ئە‌حمە‌دی خانی لە‌گە‌ڵ "مە‌م و زین"دا سنووری دووری وڵاتی بڕیوە‌ و بە‌ دنیادا بڵاو بووەتە‌وە‌.

ئەحمەدی خانی لە‌ ساڵی 1650 لە دایك بووە، بە‌ڵام لە‌ كوێ؟ هە‌ندێك هە‌ر لە‌بە‌رئە‌وە‌ی لە‌ بایە‌زید كۆچی دوایی كردووە و لە‌وێ نێژراوە‌، دە‌یكە‌ن بە‌ خە‌ڵكی بایە‌زید. 

بە‌ڵام ئە‌گە‌ر بە‌ وردی "مە‌م و زین" بخوێنینە‌وە،‌ لە‌و تێدە‌گە‌ین كە‌ خانی زۆر بە‌ توندی بە‌ستراوە‌ بە‌ جزیرە‌وە‌، دیارە‌ كە‌ خانی لە‌ جزیرە‌دا زۆر ژیاوە‌، هە‌ر وە‌ك لە‌ مە‌م و زینە‌وە‌ بۆمان دە‌ردە‌كە‌وێت، خانی زانایە‌كی گە‌ورە‌ بوو و شارە‌زای فە‌لسە‌فە‌ و گە‌لێك زانستی تر بوو.



وشە - سۆران عەزیز