نرخی دۆلار لە بازاڕەكان روو لە دابەزینە، خاوەن نووسینگەی دراوگۆڕینەوەش رای دەگەیەنێت، پێشبینی دەكرێت لە كۆتایی ئەم مانگە 100 دۆلار بە 145 هەزار دینار مامەڵەی پێوە بكرێت.
ئەمڕۆ یەكشەم نۆی شوبات، عەبدولڕەحمان حاجی كەمال خاوەنی نووسینگەی دراوگۆڕینەوە لە شاری هەولێر، بە "وشە"ـی راگەیاند، بەپێی ئەو بڕیارانەی بانكی ناوەندی بۆ كۆنترۆڵكردنی نرخی دۆلار جێبەجێی دەكات، پێشبینی دەكرێت نرخی دۆلار زیاتر دابەزێت.
زیاتر گوتی، دابەزینی بەهای دۆلار پێوەندیی بەو رێكارانەیە لەلایەن بانكی ناوەندی بۆ كۆنترۆڵكردنی نرخی دۆلار، ئەو رێكارانەش لە 15 ئەم مانگە دەست پێ دەكات و لە كۆتایی مانگ كاریگەریی بە تەواوەتی دەردەكەوێت.
روونی كردەوە، بەپێی پێشبینییەكانی دۆلارفرۆشان، لە كۆتایی ئەم مانگە ئەگەر وەك ئێستە ئاستی خستنە بازاڕی دۆلار هەبێت، ئەوا بێگومان بەهای دۆلار لە دەوروبەری 100 دۆلار بەرانبەر بە 145 هەزار دەبێت.
ئاماژەی بەوەش كرد، لە هەفتەی رابردوودا بانكی ناوەندی زیاتر لە یەك ملیار دۆلاری بۆ بازاڕی ناوخۆ و بازرگانی خستە روو، بۆ ئەم هەفتەیەش ئێستە ئاستەكەی بەرزە و بڕیارە بەردەوام بێت.
لەلایەن حكوومەتی عێراقەوە بەهای 100 دۆلار بە 132 هەزار دینار دیاری كراوە، بەڵام تا ئێستە بۆ ئەو نرخە دانەبەزیوە.