خەون بینین بە تێكدانی سەقامگیریی هەولێرەوە مێژوویەكی زۆری هەیە، بەڵام بە گەڕانەوە بۆ چەند ساڵێكی كەم ئەو خەونە دوای ساڵی 2009 زیاتر پەرەی سەند، بەتایبەت كە تا رادەیەك هێزی جۆراوجۆر لە سنووری سلێمانی دروست بوون.
خەون لە چوارچێوەی گوتاری سیاسی
سەردەمی ئەو كات، خەونەكان تا رادەیەكی زۆر لە چوارچێوەی گوتاری سیاسی و رۆژنامەوانی بوون، تا ئەوكاتەی كەوتە سەر شاشەی تیڤییەكان و دەیان هەوڵ بۆ چاندنی رق و قینە بەرانبەر هەولێر و دەسەڵاتی سیاسی لە شارەكەدا دروست كرا.
ئەوە درێژەی كێشا بۆ خۆپێشاندانەكانی 17ی شوباتی سلێمانی، ئەوكاتەیش بەبێ ئەوەی رووی خۆپێشاندەران لە پارتی بێت، لەسەر رقئەستووری گرووپێكی دیاریكراو هێرش كرایە سەر بارەگاكانی پارتی لە سنوورەكەدا، دوای ئەو مێژووەیش چەندان جاری تر جگە لە سلێمانی بارەگای پارتی لە چەندان ناوچەی تر سووتێنرا.
بۆ ماوەیەكی زۆر رەوشەكە كپ بووەوە، سەرمەشقانی ئەوكاتی ئەو رقە تێگەیشتن كە بەبێ هەولێر و پارتی هیچ هەنگاوێك نانرێ، بۆیە تەسلیمی دۆخەكە بوون و رەوشەكەیش بۆ ماوەی چەند ساڵێك مایەوە.
خەون زڕان لە پردێ
خراپتر لەو قۆناغەی ئەوكات، دۆخەكە خیانەت و دەست تێكەڵكردن لەگەڵ دوژمی لەمێژینەی كوردی تێكەوت، ئەوەیش بە نموونەی 16ی ئۆكتۆبەری ساڵی 2017 كە لە رقی ریفراندۆم و پارتی و هەولێر، كەركووك و ناوچە كوردستانییەكانی رادەستی میلیشیای عەرەب كران كە تا ئێستەیش كاریگەرییەكانی بەسەر كەركووك و ناوچە كوردستانییەكاندا ماوە.
ئەوە خیانەتێكی مێژوویی بوو، بەڵام ئەوەی خەونی لەناوبردنی هەولێری دروست كرد و لە پردێ ئەو خەونەیش لە گۆڕ نرا ئەوكاتە بوو كە چەند گرووپ و میدیایەكی سلێمانی پێڕەوی میلیشیای عەرەبییان دەكرد بۆ ئەوەی بگەنە هەولێر و بەو خەونەی دەیانبینی هەولێر داگیر بكەن.
خەونی داگیركردنی هەولێر لە ئۆكتۆبەری 2017 بە تێكشاندنی دەبابەی ئەبرامز راچڵەكێنرا، كە پێشمەرگە شكستی گەورە بە پیلانگێڕی و داگیركردنی هەولێر لەلایەن میلیشیاكانەوە بە چاوساغی گرووپی خیانەتكاران هێنا.
تیرۆر و پەكەكە
میلشیا عەرەبەكان بە دەست تێكەڵكردنی لەگەڵ لایەنی سیاسیی جۆراوجۆر هەوڵی پشێوی زیاتریان دا و نەیانتوانی دەرئەنجام گەڕانەوە ناوچەكانی خۆیان و سەركزی خۆیان راگەیاند.
لەپاڵ هەموو ئەو شكستەی میلیشیاكان هێنایان، پەكەكەیش لە هەر چوار لاوە خەریكی هەوڵدان و خەون بینین بوون بە تێكدانی هەولێر، ناوبەناو كەسێك تیرۆر دەكرا یان هەوڵی ئاژاوەیەكیان دەدا، بەڵام هەر زوو ئاسایشی شارەكە خەونەكەی لێ تاڵ دەكردن.
تا ئەوكاتەی پەكەكە دەستی كرد بە خۆڕێكخستنەوە لە سلێمانی و گرووپی جیاجیای بۆ تێكدانی دۆخی كوردستان دروست كرد كە تا ئێستەیش رێكخستنەكانیان لەو سنوورە بەردەوامن لە ئاژاوەگێڕی و خەون بینین بە تێكدان و ئاژاوەگێڕی لە هەولێر دا.
قۆناغی یوسف كلابی و ئەوانی تر
قۆناغی ئێستە قۆناغی یوسف كلابی و رەیان كلدانی و میلیشیاكانی تری عێراقە كە هەموو هەوڵ و خەون بینینێكیان تێكدانی دۆخی كوردستان و لە سەرووی هەموویشیان هەولێرە.
ئەوان ئێستە چەند كەسێكی خۆیان بە هاوكاری گرووپی پەكەكە كردووە بە مانگرتوو و مامۆستای ناڕازی و دوایین هەوڵیان هاتنە دێگەڵە بوو ئەمڕۆ بۆ تێكدانی دۆخی هەولێر، بەڵام رێگرییان لێ كرا.
خەڵكی كوردستان باش لەوە پیلانگێڕییان دژی هەولێر تێگەیشتوون، بۆیە یەك بە یەكی ناسنامەی ئەوانەی پشتیوانی ئەو كارە دەكەن ئاشكران و وەزارەتی ناوخۆی حكوومەتی هەرێمی كوردستانیش بە تەواوی ئەوەی ئاشكرا كرد كە پیلانێگڕییەكە هی پەكەكەیە.
دوای هەوڵێكی زۆر خەوبینین بە تێكدانی هەولێرەوە ئەمڕۆیش ئەو خەوەیان لێ زڕا و نەیانتوانی هیچ بەرانبەر هەولێر بكەن.
ناتوانن
بە تەواوی ئێستە خەڵكی كوردستان و هەولێر پێیان وایە، میلیشیا و پیلانگێڕانی تر "ناتوانن" دۆخی كوردستان ئاڵۆزتر بكەن.
پوختەی پرسە گرنگەكە ئەوەیە كە ئەوانەی لە سلێمانی مانیان گرتووە و رۆژانە خەرجییەكی زۆریان بە پارەی میلیشیا لێ دەكرێت و دەست لەناو دەستن لەگەڵ رەیان كلدانی و ئەوانی تر ناتوانن ئامانجەكەیان بپێكن، هەروەك هێشتا ئاگەدار نین لەوەی بەكار دەهێنرێن.