بەپێی میدیاكانی توركیا بڕیارە لە ناوەڕاستی ئەم مانگەدا عەبدوڵا ئۆجەلان سەركردەی گیراوی پارتی كرێكارانی كوردستان پەیامێك بۆ ئاشتی و ئاشتەوایی لە توركیا رابگەیەنێت، داوا لە ئەندامانی پەكەكە بكات چەك دابنێن و شەڕ لە دژی توركیا بوەستێنن، بەڵام حزبەكەی تا چەند گوێڕایەڵی ئەو پەیامە دەبێت؟
ناوەندە سیاسییە توركییەكان پێشبینی دەكەن عەبدوڵا ئۆجەلان لە ناوەڕاستی ئەم مانگە پەیامێكی ئاشتی رابگەیەنێت و داوای دانانی چەك لە ئەندامانی پەكەكە بكات، ئەوەش لە دوای چەند داوایەكی بۆ ئاشتی لە توركیا لە لایەن ژمارەیەك بەرپرسی سیاسیی تورك، جیا لەو دیدارانەی ئەندامانی دەم پارتی لەگەڵ ئۆجەلان لە زیندانی ئیمرالی سازیان كرد.
باكیر ئەتاجان بەڕێوەبەری سەنتەری ئیستەنبووڵ بۆ هزر و توێژینەوەی ستراتیجی دەڵێت، لەو قۆناغەدا پەكەكە تەنیا بژارەی رێككەوتنی لەگەڵ توركیا و وەڵامدانەوەی داواكانی ئاشتی و دانانی چەكی لەپێشە، پەكەكە چەند باڵێكی هەیە و لە لایەن وڵاتانی ناوچەكە و دنیا پاڵپشتی دەكرێت لەوانە ئێران، باڵی سەر بە ئێرانی پەكەكە لە عێراق و سووریا و ئێران و توركیا چالاكە و بە فەرمانی ئۆجەلان ناجووڵێنەوە، بگرە فەرماندەكانیان كەسانێكی ناسراون بە لایەنگرییان بۆ ئێران، ئەوان دژی بانگەشە ئاشتییەكەی توركیان.
ئەتاجان پێی وایە رەنگە بەشێكی زۆری باڵەكانی پەكەكە وەڵامی پەیامەكەی ئۆجەلان بدەنەوە، جیا لە هەندێكیان لە چیای قەندیل و رۆژهەڵاتی سووریا و ئێران و وڵاتانی ئەوروپا، كە ئەوانە 30%ی باڵەكانی پەكەكە پێك دێنن، لەوكاتە سەرانی ئەو حزبە زۆر باش دەزانن كە بێ پاڵپشتیی دەرەكی ناتوانن بەرگە بگرن، لە دوای رووخانی رژێمی بەشار ئەسەدیش ئەو پاڵپشتییە زۆر كەم بووەتەوە، جیا لە دووركەوتنەوەی رووسیا و ئێران و عێراق و وڵاتانی ئەوروپا، ئەوەی ماوە پاڵپشتیی یەكێتیی نیشتمانیی كوردستانە و ئەوەش كاریگەرییەكی گەورەی نییە.
بەپێی راپۆرتێكی "یەنی شەفەق"ی توركی لە مانگی نیسانی 2024، ئێران زیاتر لە 50 درۆنی بۆمڕێژكراوی بە پەكەكە داوە، جیا لە سیستمی پێشكەوتووی بەرگریی ئاسمانی بۆ خستنەخوارەوەی درۆنە توركییەكان.
محەمەد زەنگەنە توێژەری سیاسی نزیك لە پارتی دیموكراتی كوردستان دووپاتی كردەوە كە لە ناو پەكەكەدا چەند باڵێك هەن و هەندێكیان سەر بە وڵاتانی ناوچەكەن وەك ئێران، لەوانە باڵی جەمیل بایك، روونی كردەوەن ئەو باڵە بە دانانی چەك و پلانی ئاشتی لەگەڵ توركیا رازی نابن، تەنانەت ئەگەر داواكە لە عەبدوڵا ئۆجەلانی سەركردەی پەكەكەشەوە بێت، باڵەكەی تر موراد قەرەیلانە، كە كراوەیە بە رووی هەر دەستپێشخەرییەكی ئاشتی، هەرچی باڵی سیاسیی پەكەكەیە لە توركیا هیچ دەسەڵاتێكی نییە.
ئاماژەی كرد، پارتی ژیانەوەی كوردستان "پژاك"، لە 2008ەوە هەموو چالاكییەكی سەربازی لە دژی ئێران وەستاندووە و بوونەتە پاشكۆی سوپای پاسدارانی ئێران لە هێرشەكان بۆ سەر بارەگە و ئەندامانی حزبی دیموكراتی ئێرانی و كۆمەڵە، چەندان كۆبوونەوەی هاوبەش لە نێوان سەرانی پەكەكە و بەرپرسانی باڵای سوپای پاسداران، لەوانە قاسم سلێمانی لە رابردوو كراوە، باڵی ئێرانی پەكەكە ئێستە لە چیای قەندیل و دەوروبەری هەولێر و دهۆك و شارۆكەی شنگال و دەشتی نەینەوا و ناچەی ترن لە هەرێمی كوردستان و باكور و رۆژئاوای كوردستان و لە ئەوروپاش چەندان پڕۆژە و وەبەرهێنانیان هەیە.
شایەنی باسە پەكەكە بە سەرۆكایەتیی عەبدوڵا ئۆجەلان لە ناوەڕاستی هەشتاكانی سەتەی رابردوو دەستی بە خەباتی چەكداری لە دژی توركیا كرد، لەو ساتەوە چەندان دەستپێشخەری و پلان بۆ ئاشتی لە توركیا راگەندراون، لەوانە لە ئاداری 1993، پەكەكە تاكلایەنە ئاگربەستی راگەیاند، بەڵام لە دوای مردنی توركەت ئۆزالی سەرۆكی توركیا لە نیسانی ئەو ساڵە ئاگربەستەكە كۆتایی هات.
لە 1999 پەكەكە جارێكیتر ئاگربەستێكی تاكلایەنەی راگەیاند تا 2004 بەردەوام بوو، لە 2010ش گفتوگۆیەكی نهێنی لە نێوان توركیا و پەكەكە لە نەرویج هەبوو و هیچ ئەنجامێكی لێ نەكەوتەوە، لە ساڵانی 2012 و2013، گفتوگۆ لە نێوان بەرپرسانی توركیا و عەبدوڵا ئۆجەلان لە زیندانەكەی هەبوو بۆ گەیشتن بە ئاشتی و دوای ئەوە ئەو داوای وەستانی شەڕی لە پەكەكە كرد كە لە 2015 كۆتایی هات.